
سێ ڕۆژی کۆتایی مانگی بانەمەڕ و یەکەم ڕۆژی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٤، لانیکەم چوار گرووپی سەندیکای کرێکاری لە ئێران مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەکانی بژێوی ژیانیان بوون.
شۆفێرانی بارهەڵگر، نانەواکان، مامۆستایان و کرێکارانی بەشی تووتنسازیی گیلان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە بارودۆخی نادادپەروەرانەی ئابووری و کاریگەرنەبوونی سیاسەتەکانی ڕێژیم ڕژانە سەر شەقامەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی جۆزەردان کۆمەڵێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر لە شارەکانی تاران، ئیلام، شیراز و کرماشان ئامادە نەبوون بچنە سەر کار و چالاکیی ڕۆژانەی خۆیان ئەنجام بدەن و بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە بارودۆخی سەختی ژیان و نەبوونی پشتیوان لە سەندیکاکان مانیان گرت.
ناڕەزایەتیی شۆفێران لەسەر چەند کێشەیەکی وەکوو نەبوونی ڕێژەی پێویستی گازۆئیل، زیادبوونی نرخی بیمە، کەمی کرێی هاتوچۆ، زێدەڕۆیی لە بەرزبوونەوەی تێچووی هاتوچۆ و بەردەوامیی بێباکی بەرپرسان بوو.
ئەم مانگرتنە دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی ڕابردووی چالاکانی گواستنەوەی ڕێگاوبان لە ئێرانە کە چەندین جار هۆشدارییان سەبارەت بە نادادپەروەریی پێکهاتەیی و کاریگەرنەبوونی سیاسەتەکانی پشتیوانیی ڕێژیم دابوو.
هەر لەو ڕۆژەدا نانەواکانی شارەکانی سنە و نەیشابووریش پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی ناڕازیانەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، گردبوونەوەی نانەواکان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی ئارد، نەدانی یارمەتییەکان و ناکارامەیی سیستەمی "نانینۆ" بەڕێوە چوو و داوای دەستێوەردانی خێرایان لە دەسەڵاتداران بۆ ڕێگریکردن لە مایەپووچبوون و پاراستنی ئەمنییەتی کارەکانیان کرد، هەروەها پێشتریش لە چەند شارێکی دیکەدا کۆبوونەوەی هاوشێوە ئەنجام درابوو.
هەروەها کرێکارانی بەشی تووتنی گیلان ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی بانەمەڕ، لە ناو کارگەکەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد، ئەم کرێکارانە لە دۆخی شێواوی بەرهەمهێنان و نەدانی داواکارییەکانیان و حەقدەستیان و سەختیی بارودۆخی ژیانیان ناڕەزایەتیان نیشان دا.
کومپانیای تووتنی گیلان کە سەردەمانێک بە گەورەترین یەکەی پیشەسازی لە پارێزگاکە دادەنرا و زیاتر لە دوو هەزار کرێکاری تێدا بوو، ئێستا لە دابەزیندایە. بە وتەی ئەو کرێکارانە، کارگەکە بە کەمترین توانای کار دەکات و داهاتووی کارەکانیان نادیارە.
هەروەها ئەنجومەنی سەندیکاکانی مامۆستایانی ئێران بڵاوی کردەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕ، مامۆستایان و خانەنشینکراوان لە شارەکانی کرمان، ئێسفەهان، شەهری کورد، خوڕماوا، شیراز، ڕەشت، زەنجان، و بەندەرعەباس کۆبوونەوەیان بەڕێوە برد و خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەکانی حەقدەست و بیمە و گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی سندووقی کۆکردنەوەی مامۆستایان بۆ مامۆستایانیان کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندی ئاماری چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ساڵی ١٤٠٣دا لانیکەم دوو هەزار و ٢٥٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران تۆمار کراون کە زۆرینەی ئەو کۆبوونەوانە پەیوەندییان بە ناڕەزایەتیی کرێکاری و سەندیکاکانەوە هەبووە.