کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت

12:13 - 3 جۆزەردان 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٤، خاتوو هەمینە عەلینژاد داایکی شەهیدێکی کوردستان بەهۆی بەساڵاچوویی و نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

پوورە هەمین کچی بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر و حیزب‌خۆشەویستی گوندی کاژێ بوو، ناوبراو ژیانی هاوسەری لەگەڵ وەستا حاجی شاتمان پێک هێنابوو، بنەماڵەی وەستا حاجی و خزمەکانی لە گوندی شاتمان کوردپەروەر و حیزبخۆشەویست بوون و بنەماڵەکەیان وەک حەشارگە و پەناگایەک بۆ تێکۆشەرانی حیزب لە جووڵانەوە پڕ شکۆیەکەی ساڵانی ٤٦-٤٧ بوو.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزب، ئەو بنەماڵەیە ماڵەکەیان وەک بنکەیەکی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بوو .

 کوڕێکی پور هەمین بە ناوی عەلی حەدادی ناسراو بە وەستا عەلی شاتمان چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی کردە شان و وەک هەموو هاوسەنگەرانی بۆ دیفاع لە نیشتمان، ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی بە گیان و دڵ بەڕێوە دەبرد و بەهۆی شارەزایی لە دروستکردن و تەعمیراتی چەکوچۆڵ کە بە میرات لە بنەماڵەکەی بۆی بەجێ مابوو، ساڵانێکی زۆر لە تەقەمەنیی حیزب، بۆ چاکردنەوە و تەعمیراتی چەکوچۆڵ سادقانە و خەمخۆرانە لەم بەشەدا ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی ڕادەپەراند.

وەستا عەلی کەسێکی بە نەزم، هێمن و خۆشەویستی هاوسەنگەرانی بوو و بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا زۆرتر خزمەت بە حیزب و گەلەکەی بکا و لە هاوینی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە کاتی مەلەکردن لە چۆمی زێی بچووک لە نزیک شارۆچکەی تەق تەق خنکا و گیانی سپارد و درێژەدانی ڕێبازەکەی بە هاوڕێ وهاوسەنگەرانی سپارد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.