کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی پەراوێزنشینی لە ئێران و نیشتەجێبوونی ٧ میلیۆن کەس لە شوێنە نافەرمییەکاندا

12:25 - 3 جۆزەردان 2725

جێگری وەزیری ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٧ میلیۆن کەس لە شوێنی نیشتەجێبوونی نافەرمیدا دەژین و لەو بەینەدا کوردستان بەرزترین ڕێژەی پەراوێزنشینی و پەراوێزخستن و هەڵاواردن لە دابەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە شارەکاندا هەیە.

عەبدوڵڕەزا گۆڵپایگانی ڕۆژی هەینی ٢ی خەرمانان جەختی لە زۆربوونی شوێنی نیشتەجێبوونی نافەرمی لە شارەکانی وەک سنە، کرماشان، ورمێ، و زاهیدان کردەوە و ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٧ میلیۆن کەس لە شوێنی نیشتەجێبوونی نافەرمیدا دەژین.

ناوبراو بە داننان بە ڕادەی نیشتەجێبوونی نافەرمی، ڕایگەیاند کە هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە لاوازیی بەڕێوەبەری و پشتگوێخستنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی خەڵکە.

ناوبراو ڕوونی کردەوە کە پەراوێزخستن لە ئێراندا دەرئەنجامی هەژاریی سروشتی نییە، بەڵکوو بەرهەمی ساڵانێک لە سیاسەتی پڕ کەموکوڕی و هەڵاواردن و پشتگوێخستنی بەئەنقەستی گەشەسەندنی هاوسەنگە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە چالاکییەکانی دەڵاڵی زەوی و زار و بازرگانانی خانووبەرە، بە ئاگاداریی کاربەدەستان و بێدەنگیی دامەزراوەکانی ڕێژیم، ڕۆڵێکی بنەڕەتییان لە پێکهێنانی ئەو ناوچە بێبەشانەدا هەبووە.

لە کاتێکدا ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران لە بوودجەیەکی زۆر بۆ نۆژەنکردنەوە سوودمەندن، بەڵام شارەکانی کوردستان ساڵانێکە لە تەرخانکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان بێبەشن و بەشێکی زۆری دانیشتووانی شارەکانی کوردستان لەو گەڕەکانەدا دەژین کە تاپۆیان نییە و لە خزمەتگوزاری ژێرخان و تەنانەت ڕێگای قیرتاوکراویش بێبەشن.