کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی لاشەقام!

22:34 - 3 جۆزەردان 2725

گەڵاڵەی لاشەقام!

ئاسۆ مینبەری

پێداگریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت لە ئێران، وای کردوە کە زیاتر لە جاران لایەنە قەیراناوییەکانی ئەم بابەتە دەرکەون و زیاتر لە ڕابردوو ناکارامەیی دەسەڵاتەکە بۆ خەڵک ڕوون ببێتەوە.

لەو کاتەوە کە بە فتوای خامنەیی سیاسەتی بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت و گەڵاڵەی جەوانیی حەشیمەت هاتووەتە ئاراوە، تاکوو ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم بە دەیان شێوازی جیاواز و جۆراوجۆر هەوڵیان داوە، خەڵک بێننە سەر ئەو قەناعەتە کە وەچەخستنەوە وەکوو ئەرکێکی نیشتمانی ببینن و بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت، کۆمەڵگەی ئێران لە قەیرانی پیربوون ڕزگار بکەن.

لە ماوەی ئەم ساڵانەدا هەموو هەوڵەکانی ڕێژیم لەم پێوەندییەدا شکستیان هێناوە، بە شێوەیەک کە پێشبینی دەکرێت تاکوو ساڵی ١٤٣٠، یەک لەسەر سێی حەشیمەتی ئێران تەمەنیان ٦٠ ساڵ و سەرەوەتر بێت. لەم پێناوەدا بە میلیاردها تمەن پارە خەرج کراوە و بە دەیان گەڵاڵەی جیاواز خولقاون کە بە تەماع وەبەرنان و وادە و بەڵێنی بێبنەما خەریکی هاندانی خەڵک بۆ وەچەخستنەوەن. هەر لەم ڕۆژانەدا بوو کە هەواڵدەریی "ایڕنا"ی ڕێژیم لە زاری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگا و شارسازیی پارێزگای ورمێوە ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی یاسای پشتیوانیکردن لە بنەماڵە و جەوانیی حەشیمەتدا، دوو هەزار و ١٣٣ زەوی ئەدرێتە ئەو بنەماڵانەی کە چوار منداڵ و زیاتریان هەیە! هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵانەی ڕێژیم، لایەنی جیاوازی دیکەی بابەتەکەش زیاتر دەردەکەون و تێڕامان لەم بابەتانە گرینگە.

ڕێژیم بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم سیاسەتە لە ڕێگەی میدیا و سۆشیاڵ میدیا و بە تەماع وەبەرنان و وادە و بەڵێنی درۆیین خەریکی هاندانی خەڵکە، هاوکات بە کەلکوەرگرتن لە هەستی نەتەوەیی خەڵک و هاندانی خەڵک بۆ پاراستنی تەواویەتی ئەرزی و داهاتووی ئێران و بەیاساییکردنی گەڵاڵە جۆراوجۆرەکانی بەرزکردنەوەی حەشیمەت هەوڵ بۆ بەرەپێشبردنی سیاسەتەکەی خۆی دەدات. ڕێژیم لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا، دەسڕاگەیشتن بە کەرەستەی پێویست بۆ پێشگرتن لە منداڵبوونی قەدەغە کردووە و بۆ ئەو کادرە دەرمانییەش کە هەوڵ بۆ لەباربردنی کۆرپەلە بدەن، سزای دیاری کردووە. ئەم گوشارهێنانە بۆ خەڵک بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی سیاسەتی حەشیمەتی، لێکەوتەی زۆر خراپی بەدوای خۆیدا هێناوە.

لەلایەکەوە نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ پێشگرتن لە وەچەخستنەوە، بنەماڵەکان و ژنانی بەتایبەتی خستووەتە ژێر گوشاری دەروونییەوە چونکە بەپێی سروشتی ژن، ئامادەبوون بۆ دووگیانبوون و تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە ئەتوانێ پڕ لە ئاستەنگ بێت و ئەمەش دایکەکە بێهیز و لاواز دەکات، کەوایە هەوڵەکەی ڕێژیم جیا لە پێشێلکردنی مافی ئازادیی بڕیاردان لە بنەماڵە، کارتێکەریی لەسەر باری دەروونیشیان دەبێت.

هەوڵ و تەقەلای ڕێژیم بۆ سەپاندنی ئەم گەڵاڵەیە لە کاتێکدایە کە تەنانەت خودی خۆی توانای دابینکردنی واکسەنی تایبەت بۆ منداڵانی نییە و ژماەیەک لە خەڵک بۆ وەرگرتنی واکسەنی تایبەت ناچار کراون لە نۆرەی چەند مانگەدا بمێننەوە یان سەردانی وڵاتانی دراوسێ بکەن. بەڵام ئەمە هەموو بابەتەکە نییە، لەلایەکی ترەوە خراپیی دۆخی ئابووری و داڕمانی باری ئابووریی بنەماڵەکان و نەبوونی توانایی پێویست بۆ پەروەردە و بەخێوکردنی منداڵ، دەتوانێ یەکێکی دیکە لەو کێشانە بێت کە بەرۆکی بنەماڵەکان بگرێ.

ئەوەی کە لەم وتارەدا باسی دەکرێت ڕێک ئەم بابەتەیە! چاوخشاندنێک بەسەر دۆخی ئێستای ئێران و کۆماری ئیسلامیدا نیشانمان دەدات کە ئەم دەسەڵاتە چۆن تووشی قەیرانی ئابووری و سیاسی بووە و توانایی چارەسەرکردنی هیچ قەیرانێکی لەو کۆمەڵگەیەدا نەماوە. ئەم کێشە ئابوورییە وای کردوە کە خەڵکانی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر هەژار ببنەوە و هێڵی هەژاری دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم هەژارییە هەموو جمگەکانی ژیان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و جار وایە مرۆڤەکان ناچار دەبن بڕیارگەلێک بدەن کە ڕەنگە هیچ بەدڵیشیان نەبێ.

گوشارەکانی ڕێژیم بۆ بەرزکردنەوەی زۆرەملێی حەشیمەت و پێشێلکردنی مافی تاکەکان بۆ وەچەخستنەوەی زۆرەملێ، لە ئێستای ئێراندا بووەتە قەیران. قەیرانێکی قووڵ کە چارەسەرکردنی کات و ئیمکاناتی زۆری دەوێ. هاوکات لەگەڵ ئەو گوشارهێنانە، ژمارەیەکی زۆر منداڵ بە بێ خواست و ویستی دایک و باوەکانیان لە دایک دەبن، زۆربەی بنەماڵەکان توانایی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵەکانیان نیە و بەم هۆیەوە ناچار دەبن منداڵەکانیان یان بفرۆشن کە ڕەنگە ئەم کڕین و فرۆشتنەش لە ڕێگەی باندەکانی قاچاخی ئینسانەوە بکرێ و لەت و پەت بکرێن یان وەکوو منداڵی کار بکەونە ژێر باری گرانی ژیانەوە و وەکوو بووکەڵەیەک بۆ جێبەجێکردنی ماددەی هۆشبەر کەڵکیان لێ وەرگیرێ یان ئەوەی کە بە بێ ویستی خۆیان ناچار دەبن لە شەقام و کۆڵاندا بەجێیان بهێڵن تاکوو کەسێک بیاندۆزێتەوە و لە ڕووی بەزەییەوە ئەرکی بەخێوکردنیان لە ئەستۆ بگرێت! داهاتووی ئەم منداڵانە و گێژاوی ناڕوونیی ژیانیان، هیچ ئاسۆیەکی تێدا بەدی ناکرێت و ئەو نەوەیە دەبنە قوربانیی سیاسەتێک کە تەنیا ئامانجەکەی پاراستنی کۆماری ئیسلامییە!

ئەم قەیرانە، قەیرانێکی قووڵە! گەڵاڵەی جەوانیی حەشیمەت بووەتە گەڵاڵەی لاشەقام و منداڵان لە جیاتی ببنە کۆڵەکە بۆ بونیاتنان و دروستکردنی داهاتوو، لە ناڕوونیی چارەنووسیاندا خول دەخۆنەوە تاکوو دەستێک ڕزگاریان بکات، ڕزگارکردنێک کە جار وایە تامی مەرگ دەدات!