کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانوستانی ئەتۆمی لە تاریکی و تەپ‌وتۆزدا!

10:33 - 4 جۆزەردان 2725

دانوستانی ئەتۆمی لە تاریکی و تەپ‌وتۆزدا!

ڕەزا دانشجوو

دوای چەندین ساڵ لە ململانێ و هەڕەشە و گەمارۆ و بەڵێنی پووچ و بێبنەما، سێبەری دانوستان جارێکی دیکە کەوتۆتە سەر دیواری سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران! ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە دیمەنێکی دووبارەبۆوە بەڵام کارەساتباردا، ئەمجارە بە لێکدانەوەیەکی تایبەت و مشتومڕاوی بۆ فەرموودەیەک و ساختەکاری لە گێڕانەوەیەکی ئایینی، دەرگای دیالۆگی لەگەڵ "شەیتانی گەورە" کردەوە. ئەو دانوستانانەی کە تا دوێنێ قەدەغە و حەرام کرابوون و شەڕافەتمەندانە و ژیرانە نەبوون، ئەمڕۆ لەناکاو بوونەتە بابەتی وریایی و بەسوودبوون و تەواو حەڵاڵ و ڕێگەپێدراو!

ئەم پاشەکشە تاکتیکییە، نەک نیشانەی گۆڕانکاری لە ڕوانگەی حکومەتدا، بەڵکوو بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئاڵۆزیی دۆخی ئێستای ڕێژێمی وەلایەتی فەقێهـ.. ئەو دانوستانانەی کە نە لە پێگەی دەسەڵاتەوە، بەڵکوو بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لەسەر قەیرانە کەڵکەڵەبووەکان دەستی پێ کرد. لە کاتێکدا کە میدیای بەستراوە بە دەسەڵات هەوڵ دەدات ئەم پرۆسەیە بە ڕوانگەیەکی ئەرێنی نیشان بدات، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە دانوستانەکان، بەبێ گوێدان بە دەرئەنجامەکانی، هیچ شتێکی بەرچاو ناگۆڕێت.

لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە باس لە ئەگەری ڕێککەوتن لە نێوان دوو وڵات بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم دەکەن، فشارەکانی ئیسرائیل و بەشێک لە کۆماریخوازەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆشکی سپی ڕوو لە زیادبوونن. ئەوان خوازیاری ڕاگرتنی تەواوەتی بەرنامەی ئەتۆمی و تەنانەت سنووردارکردنی توانا مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامین. هاوکات لە نێوخۆی ئێراندا، حکومەت هەموو سەرنجەکانی لەسەر ئیستغلالکردنی سیاسی و پڕوپاگەندەیی ئەو دانوستانانە چڕکردووەتەوە، بەبێ ئەوەی گرنگی بە ڕەگ و ڕیشەی قەیرانی ناوخۆ بدات.

لە یەکێک لە دوایین کاردانەوەکاندا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا باس لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن و نزیککردنەوەی هەڵوێستی هەردوو وڵاتی لەیەکتر دەکات. بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: ڕێککەوتنێک کە لە ژوورە داخراوەکان و لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هیچ کات نوێنەرایەتیی خەڵکی ئێران ناکەن واژۆ بکرێت، لە چاوی خەڵکدا چ جێگە و پێگەیەکی هەیە؟

ڕاستیی ئەوەیە کە لە نێوخۆی ئێراندا خەڵک بە گشتی بچووکترین ئومێدیان بەم دانوستانانە نیە. کۆمەڵگەیەک کە ساڵانێکە ڕووبەڕووی بەڵێنی ئابووریی پووچ و سەرکوتکردنی ئازادییە مەدەنییەکان و چەندین قەیران بۆتەوە، ئێستا ئیتر گوێ ناداتە تاقمێک بەڵێنی ناڕاست و بێ‌بنەما بۆ "کراونەوەی ئابووری". دابەزینی متمانەی گشتی بە سیستەمی حوکمڕانی گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت واژۆکردنی هیچ ڕێککەوتنێک ناتوانێت برینە قووڵەکانی ناکارامەیی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ساڕێژ بکات.

لە پاشخانی ئەو دانوستانانەی کە بە پۆشینی جلوبەرگی ڕازاوەی دیپلۆماسی نەخشێنراون، دونیایەک لە کێشە و گرفتە نێوخۆیەکان دیارن، کە هەریەکەیان پێدەچێت بۆ لەنێوبردنی کۆماری ئیسلامی و داڕمانی سیستمی فەشەلی ڕێژێمی ئاخوندی بەس بن!

ئابووریی لاواز و نەخۆش؛ برینێک کە ڕۆژانە قووڵتر دەبێتەوە!

• ئابووریی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە بەدەست نەخۆشییەکی درێژخایەن و فرەلایەنەوە دەناڵێنێت. کاریگەریی سزا نێودەوڵەتییەکان، گەندەڵیی پێکهاتەیی و نەبوونی شەفافیەتی دارایی و ئابوورییەکی کرێچی و خراپ، گەیشتووەتە ئاستێک کە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک زیاتر لە هەر کاتێکی تر سەخت و بەرگەنەگیراوە!

• هەڵاوسانی بەربڵاو مانگ لە دوای مانگ نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەتاییەکانی بەرز کردۆتەوە و توانای کڕینی چینی نێوەڕاست و چینی هەژار بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردوە.

• دابەزینی بەرچاوی بەهای ڕیاڵ بەرامبەر بە دۆلار وای کردوە پارەی دانراوی خەڵک بێ بەها بکات و متمانە بە سیستەمی بانکی بۆ کەمترین ئاست کەم بۆتەوە.

• بێکاریی بەربڵاو، بەتایبەتی لەنێو گەنجان و دەرچووانی زانکۆدا، بووەتە هۆی سووتەمەنی بەربڵاوی ناڕازیبوونی کۆمەڵایەتی و کۆچی نوخبەکان.

• پیشەسازی و بەرهەمهێنان، لەژێر فشاری سزاکان، کەمیی کەرەستەی خاو، و نەبوونی سەقامگیری ئابووری، یان داخراون یان بە کەمترین توانا کاردەکەن.

لە وەها هەلومەرجێکدا هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی، ئەگەر تەنانەت ببێتە هۆی لابردن یان کەمکردنەوەی گەمارۆکانیش، ناتوانێت هیچ کام لە کێشەکانی خەڵک چارەسەر بکات بەبێ ئەوەی چاکسازی لە هەیکەلی ئابووریدا بکرێت.

قەیرانی ئاو؛ کارەساتێکی ژینگەیی و ئەمنییەتی

ئێران دەکەوێتە یەکێک لە وشکترین ناوچەکانی جیهان، بەڵام خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، لەڕادەبەدەر هەڵقەندنی بیرە بێ مۆڵەتەکان، دروستکردنی بێ پلانی بەنداو و کشتوکاڵی بێ پرەنسیپ، ئەم قەیرانەیان زۆر گەورەتر کردۆتەوە!

• ڕووبارە گرنگەکانی وەک "زایندە رود" و "کاروون" وشک بوون یان کەمبوونەوەی توندی لێشاویان هەبووە.

• تاڵاوە گرنگەکانی وەک "هورالعظیم" و "گاوخونی" لە لێواری لەنێوچووندان.

• ناڕەزایی کۆمەڵایەتی لە تاقمێک شار و پارێزگاکانی وەک ئیسفەهان، خوزستان، و چوارمەحاڵی بەختیاری لە ساڵانی ڕابردوودا پەرەی سەندوە و بووەتە ناڕەزایەتیی شەقام و تەنانەت پێکدادان.

• ئاوارەبوونی زۆرەملێی گوندنشینان و قەیرانەکانی ئاسایشی خۆراکیش دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی کەمیی ئاون.

بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە دەتوانێت ببێتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتووان و قەیرانی نەتەوەیی و تەنانەت ململانێ لەسەر ئاو لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا.

پچڕانی کارەبا؛ هێمایەک بۆ تێکچوونی ژێرخانی ئابووری

پچڕانی بەردەوامی کارەبا لەم ساڵانەی دواییدا چیتر تەنیا لە وەرزی هاوین یان ناوچە تایبەتەکاندا سنووردار نیە، بەڵکو بووەتە قەیرانێکی سەرتاسەری.

• وێستگە کۆنەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ناتوانن خواستی زیادبوونی وزە دابین بکەن.

• کورتهێنانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەتایبەتی لە کاتی لوتکەدا، بووەتە هۆی پچڕانی لەناکاوی کارەبا.

• پچڕانی کارەبا لە پیشەسازییەکان دەبێتە هۆی زیانگەیاندنی بە میلیارد دۆلار و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لە یەکە پیشەسازییەکان.

• ناڕازیبوونی گشتی لە پچڕانی کارەبای ماڵان لە گەرمەی هاوین یان سەرمای زستاندا ناڕەزایەتی لێ کەوتۆتەوە.

هەروەها ئەم قەیرانە دەرئەنجامی وەبەرهێنانی ناتەواوی ساڵانێکە لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و گەندەڵی لە پڕۆژەکانی بیناسازی و پشتگوێخستنی وزە نوێبووەکان.

تەپ و تۆزی بەردەوام؛ هەناسەبڕکێی خەڵک، ویژدانی خەوتووی کاربەدەستانی ڕێژێم

زریانی تۆز و خۆڵ لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری وڵات.

• پارێزگاکانی وەک خوزستان، ئیلام، کرماشان، سیستان و بەلووچستان بەردەوام ڕووبەڕووی رۆژانێک دەبنەوە کە پێوەرەکانی پیسبوونی هەوا دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار.

• سەرچاوەی خۆڵ وتەپ وتۆز (وشکبوونەوەی تاڵاوەکان لە ئێران و عێراق، بیابانبوون، و کەمکردنەوەی ڕووپۆشی ڕووەک) دەستنیشان کراون، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوان نەگیراوەتەبەر.

• کاریگەرییە تەندروستییەکانی وەک زیادبوونی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و دڵ و پێست بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش گەشەی کردووە.

• بەهۆی پیسبوونی هەوا بەردەوام چەندین قوتابخانە و فەرمانگەکان داخراون، بەڵام چارەسەری بەردەوامی بۆ دابین نەکراوە.

لە کاتێکدا کۆمەڵانی خەڵک ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەم قەیرانانە دەبنەوە، کەمتەرخەمیی دەسەڵات و گرنگیدانی بە سیاسەتی دەرەوە تەنیا بۆ  پاراستنی دەسەڵات، کەلێنی نێوان میللەت و حکومەت قووڵتر کردۆتەوە.

کۆماری ئیسلامی هەر ڕۆژ زیاتر لە گۆمی کێشەکاندا نوقم دەبێت و زەوقی دانوستان و ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا هیچ شتێک ناگۆڕێت. تاکە وێنەیەک کە خەڵکی ئێران لە کۆماری ئیسلامی هەیانە، تاریکی و تەپ ۆ تۆزە و تەنیا چارەسەری مومکین دەرچوون لە ئەم گۆمە و گەیشتن بە شوێنی مەبەستە. هیچ داهاتوویەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بەدی ناکرێت! ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی وەک نەخۆشێک کە بە هۆی جەڵتە مێشکی لە کار کەوتوە و ئیستا تەنیا بە یارمەتیی ئامێری تایبەت، هەندێک جار دانوستان و هەندێکجاریش یاریی هەڵبژاردن هەناسە دەدات و هەر چرکەیەک چاوەڕانی مردنە!

هیچ شتێک ناتوانێت ئەم مردووە زیندوو بکاتەوە!