کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناودێرکرانی گۆڕەپانێک لە فەرانسە بە ناوی شەهید ژینا ئەمینی

10:57 - 4 جۆزەردان 2725

لە شاری گرونۆبێلی فەرانسە، بە یادی شەهید ژینا ئەمینی، گۆڕەپانێک لەلایەن شارەوانیی ئەم شارەوە، بە ناوی ئەم کچە کوردە ناودێر کرا.

ڕۆژی هەینی ٢ی جۆزەردان، لە ڕێورەسمێکدا لەم شارە و بە بەشداربوونی کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنی، خوێندکاران و هاووڵاتییانی فەرانسەیی و هەروەها نوێنەرانی شارەوانیی گرونۆبێل، پەردە لەسەر ناوی ئەم گۆڕەپانە لا درا.

لەسەر تابلۆی ئەم گۆڕەپانە بە زمانی ئینگلیسی نووسراوە "گۆڕەپانی مەهسا ژینا ئەمینی" و ڕێکەوتی لەدایکبوونی ئەم کچەی کوردە و کاتی شەهیدکرانی بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەسەری تۆمار کراوە.

نوێنەری تایبەتی شارەوانیی گرونۆبێل لە ڕێوڕەسمەکەدا بە ئاماژەدان بە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ناودێرکردنی ئەم گۆڕەپانەی بە ڕێزلێنان لە بەرخۆدانی ژنان و هەموو ئەو خەڵکانەی کە لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ ئازادی خەبات دەکەن زانی و ئەم شوێنەی بە هێمایەک لە دادپەروەری، مافخوازی و داهاتوویەکی گەشتر لە قەڵەم دا.

نوێنەری شارەوانیی گرونۆبێل لەسەر ناوی کوردیی "ژینا" جەختی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، ژینا ناوێکە کە لە خەبات بە دژی پیاوسالاری و ستەمی نەتەوەیی لە ئێران، بووەتە ڕەمز.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا چەند سروودێکی شۆڕشگێڕانەی وەک "بێلا چاو" کە سروودی شۆڕشگێڕانی ئیتالیایی لە سەدەی ١٩ی زایینیدا بوو، وەک هێمایەکی شۆڕشگێڕانە پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکە لە ڕێوڕەسمەکەدا سپاس و پێزانینی ئەمجەد ئەمینی، باوکی شەهید ژینا ئەمینی، بە فایلێکی دەنگی بڵاو کرایەوە.

 

باوکی شەهید ژینا لەم دەنگەدا وێڕای سپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم هەوڵە وتی: "بۆ ئێـمە جێگایە بایەخە کە بڕیارتان داوە ناو و یادی کچە ستەملێکراوەکەمان بە زیندوویی ڕابگرن. ئەم شوێنە بۆ ئێمە هێمایەکە لە کەرامەت، یەکگرتوویی و مرۆڤایەتی".

ڕێوڕەسمەکە بە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە وتووێژی موژگان ئێفتخاری، دایکی ژینا، لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی فەرانسەیی کە وتبووی: "تەنیا بەهۆی ناوی ژیناوەیە کە من ئەمڕۆ زیندووم. ژینا هەموو جیهانی هەژاند و دەریخست کە کچێک دەتوانێت ببێتە خاڵی وەرچەرخانی مێژوو"، و پاشان داگیرساندنی مۆم و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی ژینا ئەمینی و هەموو شەهیدانی بزووتنەوەکە، کۆتایی پێ هات.