
بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەکانی ئەیدزی ئێران، دوایین ئاماری لە ڕێژەی گیرۆدەبووان بەم نەخۆشییە لە ئێران ڕاگەیاند.
بە وتەی لادەن عەباسیان، ڕێژەی گیرۆدەبووان بە نەخۆشیی ئەیدز لە ئێران گەیشتووەتە ٤٥ هەزار کەس کە لەم ڕێژەیە تەنیا ٢٥ هەزار کەسیان دەستنیشان کراون.
عەباسییان ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردان لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی ئیلنا ڕایگەیاندووە کە مەودای زۆری نێوان دەستنیشانکراوان و گیرۆدەبووان کۆسپێکی گرینگە.
بەپێێ ئەم ئامارە نزیک بە ٥٠ لەسەدی گیرۆدەبووان بەم نەخۆشییە لەلایەن ئەم ناوەندەوە دەستنیشان نەکراون.
ناوبراو زیادی کردووە کە بەپێی دوایین ئاماری ساڵی رابردوو، ٧٣ لە سەدی نموونە نوێیەکان کە بە ڤایرۆسی "ئێچ ئای ڤی" گیرۆدە بوونە، تەمەنیان لە نێوان ٢٠ تا ٤٥ ساڵە.
لەم ئامارەدا پشتڕاست کراوەتەوە کە ٦٥ لەسەدی نموونە نوێیەکان کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەکانی ئەیدزی ئێرانەوە دیاری کراون، ئەو کەسانەن کە لە ڕێگەی هەڵسوکەوتە جینسییە مەترسیدارەکانەوە ڤایرۆسەکەیان بۆ گۆزراوەتەوە.
هۆکاری ڕێژەی زیادبوونی گیرۆدەبووان بەم نەخۆشییە لە ئێران، نەبوونی ڕێنەمایی دروست و لە کاتی پێویست، بەتایبەتی بۆ مێرمنداڵان و لاوەکان لە قوتابخانە و زانکۆکانە.
هەروەها هەڵسوکەوتی دەسەڵات و هەروەها کۆمەڵگە بەم پێڕەوە، هۆکاری سەرەکیی ترسی تاکەکان بۆ چوونە تاقیگەکان و پشکنینی تایبەتە.
عەباسییان لە وتووێژەدا جەختیشی کردووەتەوە کە پڕۆسەی دەرمانی گیرۆدەبووان سەرکەوتوو بووە و سەرەڕای هەڵگربوونی ڤایرۆسەکە، دۆخی تەندروستییان جێگیر و بێکێشەیە.
بڵاوکردنەوەی هەرچی زیاتری زانیارییەکانی سەبارەت بە ئەیدز، باشترین ڕێگا بۆ پێشگرتن لە زیادبوونی ئەم نەخۆشییەیە.