
بەپێی زانیارییەکان و گرتە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، مانگرتن و ناڕەزایەتیی شۆفێران و خاوەن بارهەڵگرەکان لە شارە جیاجیاکانی ئێران بۆ چوارەمین ڕۆژ بەردەوام بووە.
شۆفێران و خاوەن بارهەڵگرەکان لە شارەکانی وەک ئێسفەهان، لوڕستان، کرمان، مەشهەد، قەزوین، سمنان، ئەردەبێڵ، بەندەری خومەینی، زەرەند، دروود، ساوە، شاهینشار، برووجێرد، بەم، داراب، فەسا و نەیشابوور، بۆ پێڕاگەیشتن بە مافە پێشێلکراوەکانیان، مانیان لە بارهەڵگرتن گرت.
ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕ، کۆمەڵێک لە خاوەن بارهەڵگرەکان و شۆفێڕان لە هەوڵێکی یەکگرتوودا لە شاری بەندەرعەباس، ڕێگاکانی چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوەی بەندەرەکەیان داخست و مانیان گرت.
پاش ئەم هەوڵە کامیۆنداران لە پارێزگا و شارە جیاوازەکانی ئێران دەستیان بە مانگرتن کردووە.
هاوکات لە چەند گرتە ڤیدیۆی بڵاوەکراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕێژەی کەمی بارهەڵگرەکان لە نێو جادەکان خراوەتە ژێر سەرنجی هاووڵاتییانەوە.
یەکیەتیی ئەنجومەنەکانی کامیۆنداران و شۆفێرانی سەرتاسەری ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە بۆ پێداگری لەسەر مافەکانیان مانیان گرتووە.
لەم بەیاننامەیەدا نووسرابوو: "ئێمە لە پشتی یەکتر ڕاوەستاوین چونکە یەکگرتوویی تاکە هۆکارێکە کە دەتوانێت بەسوودمان بێت. ئەمڕۆکە لە دڵی لوڕستانەوە تا خاکی خووزستان، لە بەندەرەکانی باشوور تا جادەکانی باکوور، بارهەڵگرەکان کوژاونەتەوە، بەڵام دەنگی شۆفێرەکانیان لە هەموو کاتێکی دیکە دەنگ ئەداتەوە".
کەمبوونەوەی پشکی سووتەمەنی، گرانیی بیمە و کەمبوونی حەقەدەستی گواستنەوە سەرەکیترین هۆکاری مانگرتنەکەیە.