
ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی ڕایگەیاندووە کە هۆکاری ڕووداوەکە گڕگرتنی ماددەی کیمیایی مەترسیدار لە یەکێک لە کانتینێرەکاندا بووە.
واشینگتۆن پۆست بە پێداچوونەوە بە سەر نزیک بە سەد گرتە ڤیدیۆیی و وێنەی ئاسمانی، وتووێژ لەگەڵ شایەتحاڵانی ڕووداوەکە و هەروەها ڕاوێژکردن لەگەڵ کارناسانی ماددە کیمیاییەکان، بەم ئاکامە گەیشتووە کە ڕاگرتنی ماددەیەکی کیمیایی مەترسیدار لە بەندەرەکەدا، کە دواتر بە هۆکارێکی ناڕوونەوە گڕی گرتووە، بووەتە هۆکاری ئەم تەقینەوەیە.
ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە گرتەڤیدیۆیەک کە تێدا دەردەکەوێت، لیفتراکێک دەچێتە نێو کانتینێرێکەوە نووسیویەتی: "لیفتراکێک دەچێتە نێو یەکێک لە کانتینێرەکانەوە و پاشان کە دێتە دەرەوە بڵێسەیەکی ئاگر دەردەکەوێت و پاش ٩٠ چرکە تەقینەوەکە ڕوو ئەدات.
بە بڕوای چوار کارناس کە لەگەڵ ڕۆژنامەکەدا وتووێژیان کردووە، ئەگەری هەیە کارلێکێکی کیمیایی بووبێتە هۆی دروستبوونی ئاگرەکە و لە ئاکامدا تەقینەوەکەی لێ کەوتبێتەوە.
محەممەد جەماڵییان، ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیم، لە وتووێژێک لەگەڵ ئیلنادا ڕایگەیاندبوو کە شیرکەتێکی هاوردەکردنی ماددە کیمیاییەکان، بە هەڵە مۆرکی ماددەیەک بە مەترسی کەمی لەسەر ئەم کانتینێرە دانابوو و هەر بەم هۆیەشەوە شۆفێری لیفتراکەکە بە بێپارێزییەوە دەستی بە گواستنەوەی بارەکە کردووە و ئەوەش بووەتە هۆکاری دروستبوونی پریشکەیەک و لە ئاکامدا ماددەکە گڕی تێ بەر بووە.
واشینگتۆن پۆست لە درێژەدا شیکاری بۆ بابەتەکە دەکات و سەبارەت بە ڕەنگی پڕتەقاڵی لە دووکەڵی ئاگرەکەدا دەنووسێت: " پێر کۆلۆرات یان نیترات لە شوێنی ڕووداوەکەدا بوونی هەبووە و ئەم ماددەیە دەبێتە هۆکاری وەها ڕەنگێک لە دووکەڵی ئاگرەکەدا".
سۆدیۆم پێر کۆلۆرات هەر ئەو ماددەیە کە بەپێی ڕاپۆرتەکان بە دوو کەشتیی باری بە ناوەکانی "جەیران" و "گوڵبۆن" لە چینەوە هاوردەی بەندەری ڕەجایی کرابوون تا بۆ دروستکردنی سووتەمەنیی مووشەکە بالستیکییەکانی سپای پاسداران بەکار بهێندرێت.
ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە بە پشتبەستن بە ڕاوبۆچوونی ژمارەیەک لە کارناسان، بەهێزیی تەقینەوەکەی لەگەڵ ٥٠ تۆن "تی ئێن تی" بە یەکسان زانیوە.