کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاپی دووهەمی "ئەورووپیەک لە وڵاتی کوردان" چاپ و بڵاو بوویەوە

12:38 - 4 جۆزەردان 2725

چاپی دووهەمی "ئەورووپیەک لە وڵاتی کوردان" چاپ و بڵاو بوویەوە

کتێبی "ئەورووپییەک ل وڵاتێ کوردان" لە نووسینی خاتوو هێلێن قاسملوو و وەرگێڕانی سەلیم زەنجیری چاپ و بڵاو بۆوە.

پەڕتووکی "ئەورووپیەک ل وڵاتێ کوردان" وەکوو چالاکی و وەفایەک بۆ"نەسرین قاسملوو"، هاوژینی شەهید دوکتۆر قاسملوو و دایکی وەفاداری کوردان لە دووهەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی نووسەردا چاپی دووبارەی بۆ کراوە و کراوەتە دیاری بۆ ڕۆحی پاکی نەسرین خانم.

ئەم بەرهەمە ناوازەی خاتوو نەسرین قاسملوو کە بە زمانی فەڕانسەوی نووسراوە و بۆ سەر زمانی فارسی و چەند زمانی دیکە وەرگێردراوەتەوە، لە لایەن "سەلیم زەنجیری" پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وەرگێردراوەتە سەر زمانی کوردی (زاراوەی کورمانجیی سەروو)، و لە دیزاینێکی جوان و سەرنجڕاکیشی ٣٨٢ ڵاپەڕەییدا بە کتێبخانەی کوردی زیاد کرا.

"ئەورووپییەک ل وڵاتێ کوردان" بەرهەمێکی ناوازەیە کە باس لە چۆنیەتی ناسینی دوکتۆر قاسملوو و ژیانی هاوبەشیان، نەهامەتی و خەباتی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات لە قۆناغی هەرە سەختی خۆیدا چ لە سەردەمی پاشایەتی و ڕێژیمی ئیسلامیدا دەکات.  

خاتوو نەسرین سەرەڕای ئەوە کە کورد نەبوو، بەڵام خزمەتێکی زۆری بە کورد و کوردستان کردووە و لەو پێناوەدا سەختی و دژواریی زۆری هاتووەتە سەر ڕێی و هەتا دوایین هەناسەکانی ژیانی بە دوکتۆر قاسملوو و ڕێبازی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە  و هەر ئەوەش بوو کە بە دایکی وەفاداری کوردان ناسراوە.

هێلێن "نەسرین" قاسملوو، نووسەری کتێبی "ئەورووپاییەک ل وڵاتێ کوردان" و هاوژینی شەهید دوکتۆر قاسملوو لە ١٩ی ڕەشەممەی ١٤٠١ ی هەتاوی لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە شاری پاریسی وڵاتی فەڕانسە کۆچی دوایی کرد.