
لە درێژەی سیاسەتی پێکهاتەیی و هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی کەمیینە ئایینییەکان بە تایبەتی شوێنکەوتوانی ئایینی بەهایی، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە شاری ڕەفسەنجان بنەماڵە بەهاییەکان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی ناشتنی کەسوکاری مردوویان ناچار کراون بڕە پارەیەکی زۆر بدەن.
بەپێی هەمان ڕاپۆرت، بۆ دانی بەڵگەی مردن و مۆڵەتی ناشتن، نزیکەی ٢٠ میلیۆن تمەن لە بنەماڵەی بەهاییەکان وەردەگیرێت و ئەم کارانە پێشێلکردنی مافی ئایین و باوەڕ و کەرامەتی مرۆڤە و پێشێلکردنی مافی بەهرەمەندبوون لە ڕێوڕەسمی گونجاو و پێوەندیدار بە باوەڕ و ئایینە جیاوازەکانە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەم پێوەندییەدا بەپێی گرتە ڤیدیۆ بڵاوی کردووەتەوە کە چاڵێکی قووڵ لە دەوری تاکە گۆڕستانی بەهایی لە ڕەفسەنجان هەڵکەندراوە، بە ئامانجی سنووردارکردنی چوونە ژوورەوەی خێزانە بەهاییەکان بۆ شوێنی ناشتنی کەسوکاریان، و ئەم کارە نموونەیەکی ڕوونە لە ئازاردانی سیستماتیک و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی کۆمەڵایەتیی ئەم پێکهاتە ئایینییە.
هەروەها هەنگاو ڕایگەیاندووە کە بەهاییەکانی ڕەفسەنجان تەنانەت مردووشۆرخانەیان نییە و ناچارن مردووەکانیان لە گۆڕستانێکی دیکە بشۆن، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێبەشکردنی تاکەکان لە ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان بە پێی بیر و باوەڕەکانیان پێشێلکاریی ماددەی ١٨ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە.
شایانی باسە گۆڕستانی گۆڵستان جاوید لە شاری کرمان کە سەر بە شوێنکەوتوانی بەهایی ئەو پارێزگایە بوو، لە ١٣٩٦ی هەتاویدا بە فەرمانی دامودەزگاکانی ڕێژیم بەسترا و پلۆمپ کرا. لەو کاتەوە تاکە شوێن بۆ ناشتنی مردووانی بەهایی لەو پارێزگایە ئەو گۆڕستانە بووە لە شاری ڕەفسەنجان کە ئەویش لە ئێستادا بە هەموو شێوازێک تێیدا ڕێگری لە ناشتن و بەڕيوەبردنی ڕێوڕەسمی تایبەت دەکرێت.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە پێشتریش عەباس ڕەمەزان پوور، پێشنوێژی نوێژی هەینی ڕەفسەنجان، لە کۆبوونەوەیەکی فەرمی ڕێژیمدا، جەختی لەسەر فەتوای دەسەڵاتدارانی ئایینی شیعە کردەوە و بەپێی ئەو فەتوایە بەهاییەکانی بە ناپاک ناوبرد، ئەم ئیدعایە نەک هەر هەڵاواردنی سیستماتیکە لە دژی بەهاییەکانە
بەڵکو بیانوویەکە بۆ پێشێلکردنی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانیان.
لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا ڕاپۆرتگەلی جیاواز سەبارەت بە بێ حورمەتی و بێ ڕیزیکردن بە گۆڕستانی بەهاییەکان و خودی هاووڵاتیانی بەهایی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە
شایانی باسە سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاووڵاتی بەهایی لە ئێران دەژین.
بەلام لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی تەنیا ئایینی ئیسلام، مەسیحی، جوولەکە و زەردەشتی بە فەرمی دەناسرێن.