کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداگریی ئەمریکا لەسەر ڕاگرتنی پیتاندن لە ئێران؛ تاران داوای بەردەوامبوون لە پیتاندنی ئۆرانیۆم دەکات

10:48 - 5 جۆزەردان 2725

پاش تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە دوایین وتووێژە ناوکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کۆمەڵێک لە شرۆڤەکاران لەسەر ئەو بڕوایەن کە هەوڵەکانی ئێستا بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی سەرەتایی هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٣ زایینییە.

بەپێی ڕاپۆرتی چەند سەرچاوەی جیهانی کە بەردەوام هەواڵەکانی پێوەندیدارە بە وتووێژە ناوکییەکانیان ڕووماڵ کردووە، ژمارەیک لە شرۆڤەکاران دۆخی ئێستای هەڵسوکەوتەکانی دوو لایەن، هاوشێوەی ڕێککەوتنی سەرەتایی لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا دەبینن کە دواتر لە ساڵی ٢٠١٥ ڕێکەوتنی ناسراو بە بەرجامی لێ کەوتەوە.

بە بڕوای ئەم کارناسانە، دوو لایەن لە هەوڵدان تاکوو متمانەی لایەنی بەرامبەر مسۆگەر بکەن، تاکوو دواتر بتوانن لە ڕێککەوتنێکی گشتگیردا، چارەسەری کێشەکان بکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی ڕایگەیاندووە کە ئامانج لە وتووێژەکان لە ئێستادا گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر خاڵە سەرەکییەکانە کە دەتوانێت ببێتە بنچینەی ڕێککەوتنی کۆتایی.

بەپێی زانیارییەکان، لایەنی ئێرانی لە دانیشتنەکەی ڕۆژی هەینی لە ڕۆم گەڵاڵەیەکی پێشکەش کردووە کە باس لەوە دەکات تاران ئاستی پیتاندن تا ڕێژەی ٣.٥٪ بهێنێتە خوارەوە و پاشان هەناردەی وڵاتانی عەرەبی بکات تاکوو بۆ مەبەستگەلی دوور لە کاروباری نیزامی بەکاری بهێنن.

هاوکات بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، لەوانە سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، تاکوو ئێستا سوورن لە سەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی نابێت بە هیچ شێوەیەک لە نێوخۆی ئێران پیتاندن بکات.

پیتاندنی ئورانیۆم سەرەکیترین بابەت و گرفتی نیوان وتووێژەکانە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "دیدەبان"، ڕایگەیاندووە کە بە دووری دەبینێت وتووێژەکان بگەیەتە ئاکام.

 

فەرەیدوون عەباسی بە ئاماژەدان بەوەی کە تاران پێویستیی بە پیتاندنی ئورانیۆم لە ئاستی ٢٠٪ و تەنانەت زیاتریش هەیە، وتی: "کێشەی سەرەکیی وڵاتانی ڕۆژاوایی لەگەڵ بنەماکانی ئینقلابی ئیسلامییە و ئەستەمە کە وتووێژەکان بە ئاکام بگات".

بڕیارە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا نوێنەرانی دوو لایەن جارێکی دیکە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان وتووێژ بکەن.