
یاسای داسەپاوی حیجابی زۆرەملێ، ناسراو بە یاسای "عیفاف و حیجاب"، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە نووسراوە لە لایەن شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیمەوە ڕاگیراوە.
سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان، بۆ یەکەم جار درکاندی کە ئەم یاسایە بە نووسراوە لەلایەن ئەم شۆرایەوە ڕاگیراوە.
محەممەدباقر قاڵیباف لە کۆبوونەوەیەکی مەجلیسدا و ڕوو لە یەکێک لە ئامادەبووان، بە ئاماژەدان بەوەی کە تاکوو ئێستا نەیویستووە کە ئەم بابەتە باس بکات وتی: "شۆرای باڵای ئەمنییەت بە شێوەی نووسراوە پێمانی ڕاگەیاندووە کە ئەم یاسایە بۆ قۆناغی جێبەجێکردن ڕانەگەیەنین".
یاسای ئاماژەپێکراو پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە نووسرا و پاسان لە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا ڕادەستی مەجلیس کرا تاکوو بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
یاساکە هەر لە سەرەتاوە ناکۆکیی لە نیوان سێ دەسەڵاتی یاسادانەر، دادوەری و جێبەجێکاری ڕێژیم هێنایە ئاراوە.
بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی توندئاژۆی ڕێژیم خوازیاری جێبەجێکردنی تەواوەتیی یاساکە لە زووترین کاتدا بوون بەڵام چەند ڕەوتێکی دیکە لە دەسەڵاتدا جێبەجێکردنی ئەم یاسایەیان لە بارودۆخی ئێستای ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بە باش نەزانیوە.
پێشتر مەحموود نەبەوییان، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللی و سیاسەتە دەرەکییەکانی مەجلیسی ڕێژیم، ڕایگەیاندبوو کە لەو کاتەیدا کە ئەم یاسایە لەلایەن مەجلیسەوە پەسەند کراوە، ڕێژیمی بەشار ئەسەد نەڕووخاوە و حەسەن نەسروڵڵاش هێشتا نەکوژراوە.
ئەم قسانەی نەبەوییان دواتر دژکردەوەی توندئاژۆکانی ڕیژیمی لێ کەوتەوە بەڵام سەرەڕای ئەوەش ڕێژیم لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لە بارودۆخی ئێستادا خۆی بواردووە.
ئەزموونەکانی کۆماری ئیسلامی لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" نیگەرانیی جیددی بۆ بەرپرسانی باڵای ڕێژیم دروست کردووە کە بە جێبەجێکردنی یاسای حیجاب، جارێکی دیکە سەرهەڵدانیکی لەم شێوەیە دەست پێ بکات و لە دۆخی هەنووکەدا کە کۆماری ئیسلامی بە تەواوەتی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لاواز بووە، کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕێژیم بهێنێت.
هەر بەم هۆیە شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم، بە لەبەرچاوگرتنی لاوازیی دەسەڵات و شکستی بەردەوام لە سیاسەتەکانیدا بەتایبەتی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، فەرمانی ڕاگرتنی یاسای حیجابی زۆرەملێی بۆ سەر ژنان ڕاگەیاندبوو.