
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ ڕۆژی خوێندکاری کورد و هەروەها بەرزڕاگرتنی یادی شەهید سمایل شەریفزادە لەلایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانەوە سێمینارێک بۆ بەڕێزان کاک ڕەحمان سەلیمی کادری سیاسی حیزبی دێموکرات و ناسر فەتحی ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو.
سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر محەممەد سلێمانی ئەندامی بەرێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکاران و پێشکەشکاری سێمینارەکە کورتەیەکی لەسەر ڕۆژی خوێندکاری کورد باس کرد و بە بەخێرهێنانی بەشداربووان سێمینارەکەی کردەوە.
پاشان لەلایەن جەماڵ فەتحی، سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانەوە پەیامی ئەو ڕێکخراوەیە خوێندرایەوە.
لە پانێلی یەکەمدا ڕەحمان سەلیمی باسێکی لەژێر ناوی ''جیلی نوێ، بێ تەفاوەت یان شۆڕشگێر'' پێشکەش کرد و ئاماژەی بە نەسڵی نوێ و تایبەتمەندییەکانی کرد کە لە سەردەمی پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی و ئینتێرنێت و سۆشیاڵ میدیادا پێگەیشتوون و بە دنیابینییەکی نوێوە دەڕواننە پرسەکانی کۆمەڵگە.
ناوبراو پێی وابوو ئەوەلەوەیەتەکانی ئەو نەسڵە وەک پرسی ژن، پرسی ژینگە، پرسی دادپەروەری لە کانتێکستی پرسی نەتەوەییدا واتای پەیدا کردووە و ئەویش بە وردی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا خۆی دەرخست و ئاراستەی بزوتنەوەی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوونر کردەوە.
پاشان ناسر فەتحی بابەتی خۆی لەژێر ناونیشانی "دۆخی ئێستە و ڕساڵەتی خوێندکار" پێشکەش کرد و وتی، جووڵانەوەى خويندكارى كورد، وەک ڕەوتێکی سياسى-كۆمەڵايەتى، نموونەيەكى بەرچاوە لە بەرخۆدان لە بەرامبەر تاريكييەكانى سەردەم کە بە ئاشكراكردنى سەركوتكردن زیندووبوونی خۆی نیشان دەدات.
ناوبراو بە پێناسەی سەردەم چییە؟ و مرۆڤی سەردم کێیە؟ تایبەتمەندی کۆمەڵگای کوردستانی لە سەردەمی داگیرکاری لە ڕوانگەی جۆرج ئاگامبن و هانا ئارێنتەوە پێناسە کرد. بەریز فەتحی لە ڕوانگەی جۆرج ئاگامبنەوە وڵامی ڕساڵەت و ئەرکی خوێندکاری لەم دۆخە خۆسەپێنەی دەوڵەت لە کوردستانی شرۆڤە کرد.
لە بڕگەیەکی دیکە ئەو سێمینارەکەدا خەڵاتی سمایل شەریفزادە پێشکەشی خاتوونێکی چالاک لە بواری ئەدەب و فۆلکلۆر لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات کرا.
پاشان وەک نەریتی ساڵانە ڕێز لە خوێندکارانی سەرکەوتووی نێو شۆڕش گیرا کە بریتین بوون لە کاک ڕەحمان سەلیمی لە بەشی یاسای نێودەوڵەتی زانکۆی کۆیە، مامۆستا غالب حەبیبی، بەشی کۆمەڵایەتیی زانکۆی سۆران و خاتوو ژیلا باریکە لە زانکۆی سەلاحەدین.