
ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ئەمجەد ساڵحزادە هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، پاش چوار مانگ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لە گرتنگەی شارامفەری سنە و دوای ڕاگوێزران بۆ بەندیخانەی سەقز لەم دواییانەدا، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەپێی راپۆرت کوردپا، ئەمجەد ساڵحزادە تەمەن ٣٨ ساڵ، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی سەقز لە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و لە گرتنگەی شارامفەری، سەر بە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنە ڕاگیرابوو.
بە بڕیاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو ماوەیەدا بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتیی ئەمجەد ساڵحزادە سێ جار درێژ کرایەوە و ناوبراو بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزە سەرکوتکەرەکاندا بووە.
سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەم هاووڵاتییە لە خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣شدا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی ڕێژیم " بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.