کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ئاسۆشەیتێدپرێس لەسەر شوێنپێی بونیادی موستەزعەفان لە تەقینەوەی بەندەرعەباس

11:13 - 11 بانەمەڕ 2725

هەواڵدەریی ئاسۆشەیتێدپرێس لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر تەقینەوەکەی ڕۆژی شەممە لە بەندەر ڕەجایی لە نزیک بەندەرعەباس و ڕۆڵی سپای پاسداران و بەتایبەتی بونیادی موستەزعەفانی تاوتوێ کردووە کە لەژێر چاودێریی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدایە.

ئاسۆشەیتێدپرێس نووسیویەتی کە ڕاپۆرتە نێوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوەندی ڕووداوەکە لە دامەزراوەیەکدا بووە کە لەژێر خاوەندارێتی بونیادی مۆستەزعەفان بووە؛ دامەزراوەیەک کە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی نووسینگەی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی چالاکی دەکات.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، بونیادی موستەزعەفانی بەهۆی ڕۆڵی لە دەوڵەمەندکردنی نووسینگەی ڕێبەری، یارمەتیی هاوپەیمانە سیاسییەکانی خامنەیی و گوشارهێنان و ئازاری نەیارانی ڕێژیم خستوووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خەزێنەداری، بەشێک لە بەڕێوەبەرانی باڵای ئەو دامەزراوەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ سپای پاسداران کە جبەخانەی مووشەکی بالستیکی ئێران و زۆرێک لە عەمەلیاتەکانی دەرەوەی وڵات کۆنترۆڵ دەکات، لە پێوەندیدان.

هەرچەندە تا ئێستا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە فەرمی هۆکاری تەقینەوەکەیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام قسە و باسەکان سەبارەت بە بوونی بارێکی گوماناوی و تەقەمەنی لەو بەندەرەدا پەرەی سەندووە.

هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم بەندەرە لەم دواییانەدا مەوادی بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی ڕەق کە بۆ مووشەکی بالستیک بەکار دەهێنرێنی لێ پیادە کراوە.  ئیدیعایەک کە لەلایەن بەرپرسانی فەرمییەوە ڕەت کراوەتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەو تەقینەوەیەدا تا ئێستا لانیکەم ٧٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە هەزار کەسیش بریندار بوون.

لەگەڵ بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری تەقینەوەکە، گوشارەکان بۆ سەر دامەزراوە ئابوورییەکانی پێوەندیدار بە سپای پاسداران و ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە تیشکیان خراوەتە سەر.