
لقی ٣١ی پێداچوونەوەی دیوانی عیداڵەتی ئیداری بە ڕەتکردنەوەی ناڕەزایەتیدەربڕینی سومەیە ئەختەرشومار، چالاکی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان، بڕیاری دەرکردنی ناوبراوی وەک خۆی پشتڕاست کردەوە.
لقی ٣١ی پێداچوونەوەی دیوانی باڵای عیداڵەتی ئیداری بە سەرۆکایەتیی مەحموود فەرەیدوونفەر، بەرپرسی لق و موحسن هیدایەت شومار، ڕاوێژکاری لق، ئەم بڕیارەیان لە ڕۆژی ٧ی بانەمەڕی ١٤٠٤دا دەر کردووە.
جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٣، سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستا لە بەشی ناوەندیی شاری مەریوان لەلایەن لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندانی پارێزگای سنە لەم ناوەندە دەر کرا.
پەروەردە و بارهێنانی مەریوان لە ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢دا لە نامەیەکدا بۆ لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندانی پاریزگای سنە، سومەیە ئەختەرشوماری بە "بڵاوکردنەوەی بابەت بە مەبەستی بێڕێزیکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، ئەندامەتی لە کاناڵە نایاساییەکانی مامۆستایان لە سۆشیاڵ میدیا و تۆمارکردنی بابەت بە مەبەستی هاندان لە کاناڵی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان و سەوڵاوا و فەرهەنگییانی ئێران، داڕشتنی پرسیاری تاقیکارییەکانی وانەی ئینگلیزی بۆ پشتیوانی لە ناڕازییان (ناوهێنان لە ناڕازییان لە تێگەیشتن لە بابەتەکە و پرسیارەکانی زمانی ئینگلیزی) و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵ میدیا، پشتیوانی لە حیزبە کوردستانییەکانی ئوپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵ میدیا، بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی بە بێ حیجاب لە سۆشیاڵ میدیا و پشتیوانی لە دروشمی جیاییخوازانە، بڵاوکردنەوەی وێنەی بە بێ حیجابی قوتاببیان و نووسینی دروشم لە سۆشیاڵ میدیا، بڵاوکردنەوەی وێنەی منداڵەکەی بە جلوبەرگی حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە لاپەڕەکانی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا بە دروشمی ئەم حیزبانە و ئاڵای کوردستان و نووسینی بابەت لە کاناڵی سەندیکا سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران" تۆمەتبار کردووە.
سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستای زمانی ئینگلیزی ١٧ ساڵ ڕابردووی کاری لە پەروەردە و بارهێنان هەیە.
ئەم مامۆستایە لەدایکبووی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٦ کچی ئەیاز، خێزاندار و خاوەنی بڕوانامەی لیسانسە.