کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و ئورووپا و ئەمریکا ڕێک دەکەون بەرەو ڕێک‌کەوتن

23:57 - 5 جۆزەردان 2725

ئێران و ئورووپا و ئەمریکا ڕێک دەکەون بەرەو ڕێک‌کەوتن

دارسمە

ڕۆژنامەی "فرهیختگان" کە سەر بە زانکۆی ئازادی ئێرانە، لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی "ئاگادار"ەوە بڵاوی کردۆتەوە سێ وڵاتی ئورووپایی -مەبەستی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمانە- لە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو لە ئەستەنبوڵ داوایەکی "ناتەکنیکی و نایاساییان بە ئەدەبێکی نەشیاو" لەبەردەم نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی زەق کردۆتەوە و باسی بابەتی پەلەپیتکە پڵاسیان کردوە. ئەمە لە کاتێک‌دایە کۆبوونەوەکە، بە گوتەی ئەم ڕۆژنامەیە، زیاتر وەک شەڕەقسەی گرژاوی بووە، نەک گفتوگۆیەکی دیپلۆماسی.

بەڵام کازم غەریب‌ئابادی، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتیدا، لەگەڵ مەجید تەخت‌ڕەوانچی جێگری سیاسیی ئەم وەزارەتە، لە کۆبوونەوەکەدا چاویان به نوێنەرانی سێ وڵاتە ئورووپاییەکە کەوتوە. غەریب‌ئابادی دوای چاوپێکەوتنەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیی کۆماری ئیسلامی و ئورووپا هێشتا بە "پاراستن و بەکارهێنانی دیپلۆماسی" پابەندن و ئەگەر پێویست بێت، خولێکی نوێی گفتوگۆکان دەست پێ‌دەکەن.

بەڵام ڕۆژنامەی فەرهیختە بیلامانێ گان بە جۆرێکی دیکە باسی ئەم دوو فەرهیختەیەی  نوێنەری کۆماری ئیسلامی کردوە و نووسیویەتی ئەم کۆبوونەوەیە زیاتر وەک سیناریۆیەکی پڕ لە هەڕەشە و کەشێکی پڕ لە گرژی بووە. ئورووپاییەکان، بە گوتەی ئەم ڕۆژنامەیە، هەڕەشەی توندیان کردوە و تەنانەت گوتوویانە نەک تەنها میکانیزمی پەلەپیتکە دژی ئێران چالاک دەکەن، بەڵکو سزایەکی بەرفراوانتریش دژی ئەم وڵاتە جێبەجێ دەکەن.

ئەمە دانووستانی ئێران و ئورووپایە، ئەی تۆ بڵێی دانووستانی ئێران و ئەمریکا چۆن بێت؟

ئەمەیان زۆر خۆشە و وەک ئەوەی ئورووپا و ئێران نیە، بە میکانیزمی پەلاپیتکەوە بەسترابێتەوە. دانووستانی ئێران و ئەمریکا بە مکانیزمی ترامپەوە بەستراوەتەوە. ترامپ لە سەردانی ئەم دواییەی بۆ وڵاتانی کەنداودا، سەرەتا گوتی ڕەنگە ئەم کەنداوی فارسە بکەمە کەنداوی عەرەب و لەمەوداو کەنداو و مەنداو بۆ هەتا هەتایە فارسیی لەبیر بچێتەوە و لە جیات "گم شو" و شتی وا هەر "ئیمشی"ی بە دەمدا بێت.

پاشان ترامپ لەگەڵ هاتنی بۆ ناوچە دوو جووڵەی چاوەڕوان‌نەکراوی کرد. یەکیان ئەمە بوو پێچەوانەی هەموو سیاسییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، لووتی بەسەر ئیسرائیلدا نەهینا و گۆڕینی ناوی کەنداویشی لەبیر خۆی بردەوە. لەم وڵاتانی خوار کەنداو قۆڵی لە پارە هەڵماڵی و باوەش باوەش ئەو ڕیاڵ و دەرهەم و مەرهەمەی کردە باقە و باوەش باوەش کۆی کردەوە.

ترامپ لەم سەفەرەیدا هەر باوەشی بە دینار و دەرهەم و ڕیاڵدا کرد و بە ڕیشی تومەن پێدەکەنی و جارجار خێسەیەکی لە ئاغا دەکرد و باسی پارە وەسەریەک نان و گیرفانی پڕ و ژیانی خۆشی عەرەبانی دەکرد و دەیگوت ئێوەی عەرەبی کەنداو دەست‌وچاوتان خۆش بێت بۆ ئەو ژیانە خۆشەی بۆ خۆتان ڕێکتان خستوە و ڕەحمەت لە دایک باوکی کاکە ئەحمەد شەڕعیش کە لە سووریەوە تەشریفی هاوردوە و داوای لێ‌دەکەم لەگەڵ جوولەکان وەک برا جووت بن و ئاگایان لە بارودۆخەکە بێت.

ترامپ لەم سەردانەدا مردنی خۆی لەبیر بێت، لەبیری نەبوو باسی ئاشتی و ڕێککەوتن بکات و تەنیا لە خوارەوەڕا بەرەو باکوور لە برادەران مۆڕ بووە و گوتی: کاکی من ئێوەش بۆ ئاوا ناکەن، ئەو پارە جوانە بۆ دەدەن بە تێرۆریستان و بە گژ ئەملاو ئەولایاندا دەکەن، ئەم پارە جوانە و ئەو نەفت و مەفت و داهاتە زۆرە بۆ خۆتان بخۆن و ئەگەر وەک عەرەبان لێتان زیاد بوو، ئەوە وەک ئەوان هێندێکیشی بدەنە بەندە. ترامپ لەم سەفەرەدا لەبەر پارەی عەرەبان و لە خەمی برسیەتیی کۆماری ئیسلامی هه‌ر لەبیری کرد باس لە گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس بکات و فارسانیش بە ئیسلامی و چەپ و ڕاست و ئۆپۆزیسیۆن و مۆپۆزسیۆنەوە لە جیات ئەوەی بیر لە تێربوون بکەنەوە، دەستیان بە بەرزکردنەوەی دروشمی "خلیج همیشە فارس" کرد.

دوای سەردانەکەی ترامپ کاتێک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئەرخەیان بوو ترامپ لە حەوت ئاوان پەڕێوەتەوە و گەیشتووەتەوە ئەمریکا، هێندێک ماموستای نێر و مێی کۆکردەوە و ئەوەندەی هێزی دەبەردابوو گوتی ئەم ترامپە درۆ دەکات و ئاشتی و شتی وای ناوێت.

ئێستا دۆخەکە وای لێ هاتوە یەکیەتیی ئورووپا خەریکی پەلاپیتکە و شتە و ترامپیش ئەگەر ئەو پارەیەی بردوویەتەوە بە تەواوی تاقەتی کرد، دەگەڕێتەوە سەر گفتوگۆ دەگەڵ ئێران و لەبەر ئەوەی حەزی لە پارەیە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نابێت سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی هەڵبگرێت و پارەکانیان لە ئەمریکا ئازاد بکات.

بەم لێکدانەوە قووڵەوە ئێستا بە گشتی چاوەڕوانی دیاریکردنی شوێنی خولی داهاتووی دانووستانی ئێران و ئەمریکاین و هیوادارین ئەمجاریش لەسەر درێژە پێدان بە دانووستانە دەست‌پێنەکراوەکان ڕێک بکەونەوە.