کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش

00:09 - 6 جۆزەردان 2725

هەگبەی شاخ و شۆڕش

ئەمن ئەی نیشتمان تاجێک لە یادی تۆ لە سەرمایە

(شەهید سەدیق فەڕوخیان)
 

برایم چووکەڵی

لەو کاتە‌دا کە گیان ‌و جەستەی شەهیدان دوا ماچی لێک‌جیابوونەوەی هەتاهەتایی یەکتر دەکەن ‌و خوێنی گەشیان خاکی پیرۆزی وڵات ئاو دەدات‌، داری ئازادیی گەشە دەکا، چرۆی سەرکەوتن دەپشکوێ، شالووری سەرمەست بە دەنگی زۆڵالی گورانیی "داری ئاڵا" دەڵێت‌ و ژیانی ئاسوودەیی ‌و نوێ بوونەوەی دواڕۆژی گەل دێتە پێکەنین. هەر بۆیەش ڕێگەیان نەپساوە و نەوە لەدوای نەوە بە باڵای مێژووی ڕۆژگار یادیان تازە دەکەنەوە و دەبنە ڕێبواری ڕێگایان‌ و، ڕێگا بەردانیشیان بە نەمانی زۆردارانەوە دەبەستنەوە. هەڵۆ ئەگەر بەرز دەفڕێ لاسای بەرزیی شەهیدانێکی وەک سەدیق فەڕوخیان لە مەڵبەندی سەقز دەکاتەوە.

ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی، لە گوندی "کیسەڵان"ی سەرشیوی سەقز کۆرپەیەک لە دایک بوو و ناوی "سەدیق"یان لەسەر دانا. لە دایکبوونی سەدیق خۆشحاڵی لەڕادەبەدەری خستە نێو بنەماڵە و کەسوکاریەوە. سەدیق وردە وردە لە ئامێزی دایکی خۆشەویستیدا گەورە و خڕەکە بوو؛ تازە کاتی چوونی بۆ قوتابخانە دەهات کە ماڵیان بەرەو شاری سەقز کۆچی کرد و لەوێ گیرسانەوە. هەر لە شاری سەقزیش مێشکی بە پیتەکانی ئەلف و بێ شارەزا بوون. ئەو قوتابییەکی زیت و  زۆر وریا و کراوە بوو. هەر بە هۆی ئەو تایبەتمەندی و بەهرانەی هەیبوو زۆر زوو هەستی بە سیاسه‌تی‌ پڕ له‌ جیاوازی‌دانانی‌ حكوومه‌تی‌ حه‌مه‌ڕه‌زاشای‌ په‌هله‌وی دەرهەق بە کورد‌ کرد، بۆ وێنه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ كه‌ نه‌یده‌هێشت منداڵانی كورد له‌ قوتابخانه‌دا بە کوردی بخوێنن و جلوبه‌رگی‌ كوردی‌ له‌به‌ر بكه‌ن، و بەوەش هه‌ستی‌ خاوێنی‌ كوردانه‌‌ له‌ ناخی‌ سەدیقدا‌ جۆش درا. سەدیق ئەگەرچی بە تەمەن منداڵ بوو، بەڵام زۆر جار بابەتی سیاسیی لەنێو قوتابخانە‌دا دەورووژاند و بۆ هاوپۆلەکانی شی دەکردەوە، لە قۆناغی دواناوەندیدا لەگەڵ چەند لاوی دیکە بێ ئەوەی سەر بە هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی بن، لەنێو قوتابخانەکەیان دەستیان بە کاری سیاسی کرد.

سەدیق ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی بەهۆی بەردەوامیی لە کاری سیاسی لەلایەن ساواکەوە دەست گیرا و بۆ ماوەی دوو ساڵ ‌و نێو لە زیندانی ڕێژیمی پاشایەتیدا ئەشکەنجە و ئازار درا. کاتێکیش لە ساڵی ١٣٥٧ ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەستی پێ کرد و کۆمەڵیک زیندانی ئازاد کران، سەدیق یەک لەو کەسانە بوو. ناوبراو هەر لە ڕۆژەکانی یەکەمی ئازادکرانیەوە پێوەندی بە حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە گرت ‌و لە ڕیزی ئەم حیزبە تێکۆشەرەدا هه‌وڵ ‌‌و تێكۆشانی‌ بێ‌وچانی‌ خۆی‌ بۆ ڕزگاریی‌ گه‌له‌كه‌ی‌ ده‌ست پێ كرد.

سدیق لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٨‌دا وەک ئەندامی کۆمیتەی شارستانی سەقز هەڵبژێردرا و هاوکات بەرپرسایەتیی نیزامیی ئەو ناوچەیەی پێ‌ئەسپێردرا و بە ئەزموون و لێوەشاوەییەکانی دەریخست کە کوڕی ڕۆژی تەنگانەیە. سەدیق فەڕوخیان لە پاییزی ساڵی ١٣٥٨ لە شەڕی سەر جادەی سەقز-مەریوان زۆر بەتوندی بریندار بوو؛ بەڵام پاش ساڕێژبوونەوەی برینەکەی ئازاتر و بە ورەتر لە پێشوو گەڕایەوە مەیدانی خەبات‌ و تێکۆشان و باشتر لە جاران قۆڵی لە کار و تێکۆشان  هەڵماڵی‌.

سەدیق فەڕوخیان ساڵی ١٣٥٩ وەک ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتەی شارستانی سەقز هەڵبژێردرا و لەو پۆستە‌دا ئەوپەڕی لێهاتوویی لە خۆی نیشان ‌دا. کار و تێکۆشان، ماندوویی‌نەناسی، بەدەم دەرد ‌و مەرگی خەڵکەوە بوون و سووربوون لەسەر خەبات، سەدیقی قارەمان‌ و خۆڕاگری لە کوورەی خەباتدا قاڵ کردبوو و کردبوویە خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەی سەقز و هەوشار، هەر بۆیە ساڵی ١٣٦٢ وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی هەوشار دیاری کرا و دواتر بە هۆی تواناکانی لە کۆنگرەی شەشی حیز‌دا بە ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و لە یەکەم پلینۆمی دوای کۆنگرەدا لە ناوەندی ئاژوان کاری بۆ دیاری کرا.

سەدیق سەرەڕای کارکردن لە ناوه‌ندی ئاژوان ڕاستەوخۆ بەرپرسایەتیی کاری سیاسی ‌و تەشکیلاتی ‌و پێشمەرگەکانی ناوچەی هەوشاریشی گرتە ئەستۆ، پاشان سەرپەرەستیی کۆمیتەی شارستانی سەقزیشی وەئەستۆ گرت. زانایی‌‌، ئازایه‌تی‌‌، چالاكیی زۆر‌‌، و له‌خۆبوردوویی‌ سەدیق بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ له‌ نێو هاوسه‌نگه‌رانیدا‌ وه‌ك نموونه‌ی‌ حیزبییه‌كی‌ هه‌ڵسوو‌ڕ و خۆشناو بناسرێ‌. توانایی‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ سیاسه‌تی‌ نیشتمانپه‌روه‌رانه ‌‌و شۆڕشگێڕانه‌ی‌ حیزبی‌ دێموكڕات، لێزانی‌، دڵسۆزی‌، هه‌وڵ ‌‌و تێكۆشانی‌ بێ‌وچان ئه‌ویان كردبووه‌ سیمایه‌كی‌ جێگای‌ متمانه‌ له ‌نێو خه‌ڵكی‌ ناوچه‌دا.

سەدیق فەڕوخیان هەم پێشمەرگە و هەم کادر و هەم ڕێبەرێکی لێهاتوو بوو و لە زۆر شەڕی قارەمانانەدا بەشداریی کرد. ئه‌گه‌رچی‌ وه‌ك پسپۆڕێكی‌ كاری‌ ته‌شكیلاتی‌ له ‌ئاستی‌ حیزبدا ناوی‌ ده‌ركردبوو، له‌ ئازایه‌تی ‌‌و نه‌ترسی ‌‌و شه‌ڕكه‌رییشدا، له‌ هیچ قاره‌مانێكی‌ مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی‌ خۆی‌ نه‌ده‌مایه‌وه‌.

مخابن کە ئەو ڕۆڵە هەڵکەوتووەی گەل و نیشتمان لە شەڕی نێوخۆیی‌ لەگەڵ کۆمەڵەدا شەهید کرا. لەگەڵ جێژنی نەورۆز‌ و سەرەتای ساڵی ١٣٦٤ کە پێشمەرگەکان بەرەو نەورۆز و دەست پێکردنەوەی ساڵێکی دیکە لە خەبات ‌و تیکۆشان دەچوون، لە یەکەم شەوی جێژنی نەورۆز کە پێشمەرگەکان لە دەوری یەکتر کۆ ببوونەوە، لە لایەن حیزبی کۆمۆنیستی کۆمەڵەوە هێرش کرایە سەر بنکەکانیان ‌و خوێنی سووری سەدیق فەروخیان تێکەڵ بە گوڵاڵە سوورەی بەهارانی دەشتی شلێر بوو.