
گەشتی ترامپ، لە نێوان دۆلارەکانی عەرەب و هەژاریی ئێران
ئەلبورز ڕوویینتەن
لە هەر دوو دەورەی سەرۆککۆماریی ترامپدا جیاواز لە سەرۆک کۆمارەکانی دیکەی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ یەکەم سەفەری دەرەکیی خۆی بۆ عەرەبستانی سعوودی بووە. لەو سەفەرانەدا ڕێککەوتننامەی سەدان میلیارد دۆلاری واژۆ دەکرێن و دواتر نە تەنیا بازاڕێکی گرینگ بۆ کاڵاکانی ئەمریکا بەڵکوو ڕاکێشانی ئەو سەرمایەی دونیای دەوڵەمەندی عەرەبی بۆ نێوخۆی ئەمریکاش بەشێکن لە سیاسەتەکانی ئەمریکا، کە ئەو ڕێککەوتنانە نیشان دەدەن ئەمریکا لەو بوارەدا سەرکەوتوو بووە؛ و هەر ئەو چاوەڕوانییەش لە ترامپی بازرگانی ناسراو بە "ڕێککەوتن کەر" دەکرا.
بێگومان خوێندنەوەی ئەو سەفەرە و ڕێککەوتنانەی ئابووری لە دەروەی چوارچێوەی سیاسییەکەی سیاسەتی دونیا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست مومکین نیە، چونکە کاریگەریی بوارەکانی ئابووری و سیاسی لە دونیای نێودەوڵەتی حاشاهەڵنەگرە، هەر بۆیە وێڕای پەیوەندیی بازرگانیی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئەمریکا دۆخی سیاسیی ناوچەش بەشێکی گرینگی ئەجێندای وڵاتی ئەمریکا بوو کە یەکێک لە دۆسیەکانی ئەو ئەجێندایە بەردەوامی بە ڕێککەوتنی ئیبراهیم لە نێوان ئسرائیل و عەرەب بوو، بە تایبەتی لە دوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر کە توانیبووی ئەو ڕەوتەی ئاشتی لە ناوچە بوەستێنێت، هەروەها پەیوەستی سووریە بەو ڕێککەوتنەش وەک یەکێک لە سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرانبەر ئێران خاڵی جێگای بایەخی ئەو دۆسیەیە بوو.
یەکێکی دیکە لە دۆسیەکانی سیاسی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران ئەمریکا بوو کە ڕاستەوخۆ بەو سەفەرە گرێدرا بوو، چونکە ئەو دانوستانانە لە کاتی ئەو سەفەرەدا وێڕای هەبوونی ناڕوونییەکی زۆر بەڕێوە دەچوون بە تایبەتی کە پێش سەفەری سەرۆککۆماری ئەمریکا عێراقچی وەزیری دەروەی ئێران سەردانی عەرەبستانی کردبوو. ئەو دۆسیە لە ئەجێندای ترامپدا لەگەڵ هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئەمریکا ڕووبەڕوو بوو چونکە ترامپ لە گوتارەکەی لە کۆربەندی ئابووری لە عەرەبستاندا بە ئێرانی گوت لە کاتێکدا وڵاتانی عەرەبی ئاوا بەو شێوەیە لە دەوڵەمەندیدان بە هۆی بڕیارەکانی حوکمڕانیی ئێران خەڵکی ئەو وڵاتە لەو پەڕی هەژاریدایە. شوبهاندنی ئەو قسە بە داڕوخانی باڵاخانەکانی ئێران لە کاتێکدا لە وڵاتانی دراوسێی ئێران ئەو باڵاخانانە بڵیندتر و جوانتڕ و بەهێزتر دەبن جێگای تێڕامانە.
ئەوەی جێگای سەرنجە دەیان ساڵە لە ڕێگای ئەو پڕوپاگەندەی کە ئێران دەیکات گۆیا ئیسرائیل لەنێو دەبات، ئەمریکا شەیتانی گەورە بەردباران دەکات، ئاوا بەهێزە و ئاوا دەتوانێ لە ناوچە لەشکر دروست بکات و دژی بەرژەوەندی ئەمریکا ڕابوەستێت، بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا دەردەکەوێ نەک هیچ یەک لەو پڕوپاگەندانە سوودی بۆ ئێران نەبوو، بەڵکوو ئەوە ڕێک لاوازی و دەستەوەستانیی وڵاتێکی وەک ئێرانە کە بە هۆی دەوڵەمەندی ژێرخانی ئابورییەکەی دەیتوانی ئاوا لاواز و زەبوون نەبێ کە ڕۆژێک پێش سەردانەکەی تڕامپ عەرەبستا بکەن و بەڵکوو لە ڕێگەی پاڕانەوە لە بەرانبەر عەرەبستانەوە کە تا دوێنێ بە "نۆکەری" ئەمریکایان دەزانی بتوانن قسەی خۆیان بە ترامپ بگەینن یا عەرەبستان قسەیەکی خێریان بۆ بکات. واتە ئەگەر ئەو پڕوپاگەندەی ئەوان کە "وڵاتانی عەرەبی نۆکەری ئەمریکان" ڕاست بێ، ئەوە ئەوانیش واتە ئێران نۆکەری نۆکەرانە.
بەدەر لە هەمووی ئەوانش خاڵی جێگای سەرنجی ئەو دۆخە ئەوەیە کە ئەمریکا بێ ئەوەی پێویستی بە هیچ دەستێوەردان و شەڕێک بێت، بەبێ ئەوەی بیهەوێ هێرشی نیزامی بکات و یا ناچار بێت ڕێککەوتنێک بکات، تەنیا بە هەڕەشە لە ڕێگەی هەژاریی ئێرانەوە ئەوپەڕی گوشار دەخەنە سەر ئێران چونکە ئەو پەیامە دەدەن کە ئێوە ئەوەندە هەژارن لە ڕاستیدا وەک دارێکی نێو کڵۆڵن کە بۆ داڕووخانتان وەک باڵاخانەکانتان پێویستی بە هۆکاری دەرەکی نیە بەڵکوو هەر لە نێوخۆوە دەڕوخێن؛ بۆیە هیچ ڕێگایەکی دیکەتان نیە و دەبێ ملکەچ بن.
ئەو سەفەرەی تڕامپ وێڕای هەموو ڕەهەندە سیاسی و ئابووری ستراتیژییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، دەرخەری ئەو ڕاستیە بوو کە دولارەکانی عەرەبەکان دەتوانێ پەیوەندی سیاسی و ستراتیژی بۆ ئەوان دابین بکات هەتا خەڵکی ئەوان لە خۆشبژێویدا بژین و لە لایەکی دیکەش چەکی هەژاریی نێوخۆی وڵاتی ئێرانە کە دەتوانێ ئێران دابڕووخێنێ بێ ئەوەی پێویستی بە هۆکاری دەرەکی بێت.
ئەوە ئێرانە کە لە کۆتاییدا وێڕای هەموو ملکەجیەک هەر مەحکوومە بە داڕووخان.