کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسپێکی سەرکوتی شۆفێران هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی مانگرتنی کامیۆنداران لە شارەکانی کوردستان و ئێران

10:57 - 6 جۆزەردان 2725

ڕۆژی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ گەیشتنی مانگرتنی کامیۆنداران بە ڕۆژی پێنجەمی خۆی، دادستانی گشتیی و ئینقلابی پارێزگای فارس، باسی لە دۆسییەسازی و بەدواداچوون بۆ ژمارەیەک لە خاوەن بارهەڵگر و شۆفێرەکان کردووە.

کامران میرحاجی ، ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، ژمارەیەک لە شۆفێرانی دەسبەسەر کردووە و دۆسییەی دادوەریی بۆ ژمارەیەکی دیکە دروست کردووە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، ئەو شۆفێرانەی کە بۆ پێداگریی لەسەر مافەکانیان ماوەی ٦ ڕۆژە مانیان گرتووە، تۆمەتبار کردووە و بە تێکدەری بارودۆخی گواستنەوەی لە قەڵەم داون.

ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، ٥ و ٦ی جۆزەردان، ژمارەیەکی زیاتر لە شۆفێران و خاوەن بارهەڵگرەکان پێوەستی مانگرتنە سەرتاسەرییەکە بوونەوە.

مانگرتنەکە لە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕەوە و لە شاری بەندەرعەباس دەستی پی کرد و لە ئێستادا زۆربەی شار و پارێزگاکانی کوردستان و ئێرانی گرتووەتە بەر.

شۆفێران بە کەمبوونەوەی پشکی سووتەمەنی، گرانیی نرخی بیمە، کەمیی حەقدەست، گرانیی پێداویستییەکانی بارهەڵگرەکان و هەروەها کۆمەڵێکی دیکە لە مافە پێشێلکراوەکانیان، ناڕازین و ڕایانگەیاندووە کە بەم هۆیانەوە ماوە یەک حەفتە مان دەگرن.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی کامیۆنداران لە مانگرتن، بەرپرسی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی میوە و تەڕەبار، باسی لە گرانیی نرخی ژمارەیەک لە میوەکان بەهۆی مانگرتنەکەوە کردووە.

دەوڵەت لە ڕێگەی گرانکردنی سووتەمەنی و توورەکە هەڵخستن بۆ گیرفانی خەڵک بە شێوازگەلی جۆراوجۆر، دەیهەوێت کەمیی بوودجەی خۆی بە چڕکردنەوەی گوشارەکانی سەر خەڵک قەرەبوو بکاتەوە.

 

گرانیی بووەتە کێشەیەکی سەرەکی بۆ سەر ژیانی خەڵک و هەر ڕۆژە چین و توێژێکی تایبەت دەکاتە ئامانج.