کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاوسان دووبارە بەرز دەبێتەوە؛ ئابووریی ئێران بەردەوام بەرەو ناسەقامگیری دەڕوات

12:05 - 6 جۆزەردان 2725

لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی باس لە کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و گەڕانەوەی سەقامگیریی ئابووری دەکات، ڕاپۆرتە فەرمییەکان نیشان دەدەن کە هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٣٣.٩ ٪؛ ژمارەیەک کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشوو ٠.٧ خاڵ زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیم، پێوەرەکانی نرخی بەکارهێنەر لە مانگی بانەمەڕدا گەیشتووەتە ٣٣٦.٩، کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشوو ٢.٧٪ زیادی کردووە.

خەرجی بنەماڵەکان لە ئێراندا بە بەراورد لەگەڵ مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو بە تێکڕا ٣٨.٧٪ بۆ کڕینی هەمان کاڵا و خزمەتگوزارییەکان زیادی کردووە، ئامارێک کە ئاماژە بە قووڵایی دابەزینی توانای کڕینی خەڵک و دابەزینی بەربڵاوی بژێوی ژیان لە نێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا دەکات.

لە کاتێکدا هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بە بەراورد لەگەڵ مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە ڕێژەی ٠.٢ خاڵ کەمی کردووە، هەڵاوسانی مانگانە لە گرووپی کەلوپەل و خزمەتگوزارییە ناخۆراکییەکان بە گەشەی ٣.٥٪ بە بەرزی ماوەتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە خەرجی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بەتایبەتی لە بواری خزمەتگوزاریدا بێ وەستان زیاد دەکات.

هەروەها هەڵاوسان لە نێوان دەسیلە جیاوازەکاندا جیایە، بۆ نموونە دەسیلی نۆیەمی کۆمەڵگە گەورەترین گوشاری بەخۆیەوە بینیوە و هەڵاوسانی ساڵانەی ٣٤.٢٪ بووە لەکاتێکدا لە دەسیلی دووەم ٣٣.١٪ی تۆمارکراوە.

لە نەبوونی سیاسەتی ڕوون و درێژخایەنی ئابووری و نرخ دانانی دەستووری و نەهێشتنی ئەرزی تەرجیحی، هەڵاوسانی بازاڕی دراو و کەمهێنانەوەی درێژخایەنی بوودجەی ئابووری ئێرانی گرتووەتەوە، هەر بۆیە ئەم زیادبوونانە نەک هەر شتێکی سەرسووڕهێنەر نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی سروشتیی پێکهاتەی ئابوورییەکی تێکچوو و شکستخواردوویە.