کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی بێدەنگی کانگاکانی کرماشان لە سایەی هەڵاواردنی پێکهاتەییدا

12:24 - 6 جۆزەردان 2725

هاوکات لەگەڵ حەفتەی کانگاکان، زەنگی ئاگادارکردنەوەی داخستنی کانگاکان لە پارێزگای کرماشان لێ درا کە دەتوانێ ببێتە هۆی داخستنی وردەوردەی یەکێک لە گرینگترین توانا ئابوورییەکانی ئەو پارێزگایە.

محەممەدڕەزا کارگەر، جێگری سەرۆکی کانگاکانی کرماشان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیسنای سەر بە ڕێژیم، بە ئاماژە بە گەشەی بێسنووری مووچەی حکوومەت لە کانگاکاندا، وتی: لە دوو ساڵی ڕابردوودا مووچەی حکوومەت لە کانگاکاندا بە ڕێژەی ٦٠٠٪ زیادی کردووە.

ناوبراو ڕایگەیاند کە ٩٣٪ی کانگاکانی کرماشان "بەردی لاشە"ن و داهاتێکی ئەوتۆیان نییە و ئاماژەی بەوەش کرد، ٢٥٪ی قازانجی کانگاکان بۆ مووچەی دەوڵەتی تەرخان کراوە.

بە وتەی محەممەدڕەزا، دەوڵەت تەنیا ١٪ مافە یاساییەکانی بۆ پارێزگاکە گەڕاندووەتەوە، لەکاتێکدا بەپێی یاسا پێویستە ئەم ژمارەیە ١٥٪ بێت و بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی کانگاکان خەرج بکرێت.

ئەم پێشێلکارییە ئاشکرایە بە شێوەیەکی وردەوردە نەبووە، بەڵکوو بەدرێژایی ساڵان دووبارە بووەتەوە و بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی ناڕەزایی و دواکەوتوویی لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریدا و ڕەنگدانەوەی جۆرێک لە هەڵاواردنی پێکهاتەییە بەرامبەر بە کرماشان.

هەروەها سەرەڕای ئەوانە ماشینە کۆنبووەکان کە تەمەنیان سەرووی ٢٥ ساڵە، نەبوونی ئیمکاناتی بانکی، و بێبایەخ نیشاندانی پێداویستییە تایبەتەکانی پارێزگای کرماشان، بەشێکی دیکەیە لە گوشارەکان بۆ سەر کەرتی کانگانی کرماشانن.

کارگەر وتیشی لە حاڵێکدا کە بەشێک لە پارێزگاکان وەک خووزستان، کەڵکیان لە ڕێگاچارەی وەک هاوردەکردنی ماشین بە پلاکی کاتی وەرگرتووە، ئەم هەلە بۆ کرماشان نەڕەخسێندراوە و لە سیاسەتی پشتیوانیکردن بێبەش کراون.

لە ئێستادا لە کرماشان ٢٥٧ کانگا هەن کە مۆڵەتی کارکردنیان هەیە و نزیکەی ٨٠٪یان چالاکن و ٩ هەزار و ٣٠٠ کرێکار لە کانگاکان و بەشی پیشەسازی کانگاکانی کرماشاندا دامەزراون.