کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆناڵد ترامپ: پووتین شێت بووە و ڕووسیە دەڕوخێت

12:27 - 6 جۆزەردان 2725

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانی خۆیدا، ڤێلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری ڕووسیەی بە کەسێکی "شێت" لە قەڵەم دا و هۆشداریی دا کە ئەگەر مۆسکۆ لە هەوڵەکانی خۆی بۆ داگیرکردنی ئۆکراین بەردەوام بێت، ئەوە بەرەو ڕووخان دەڕوات.

دۆناڵد ترامپ شەوی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان لە هەژماری خۆیدا نووسی: "من هەموو کات پێوەندییەکی باشم لەگەڵ سەرۆککۆماری ڕووسیە هەبووە، بەڵام ئەو لە ئێستادا بە تەواوەتی شێت بووە".

ترامپ بە ئاماژەدان بە هێرشە بەردەوامەکانی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکراین زیادی کردووە کە هەموو کات لەسەر ئەو بڕوایە بووە کە پووتین هەموو ئۆکراینی دەوێت و لە ئێستادا دەردەکەوێت کە ئەم قسەیە ڕاست بێت.

ناوبراو جەختیشی کردووەتەوە کە ئەگەر بەڕاستی ڕووسیە بیهەوێت کارێکی لەو شێوەیە بکات، ئاکامەکەی بەرەو ڕووخان دەچێت.

ترامپ پێش لەوەی کە ئەم نووسراوەیە بڵاو بکاتەوە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو کە پووتین بەبێ هیچ هۆکارێک بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر بکوژرێن.

ناوبراو پشتڕاستیشی کردبووەوە کە لە ئێستادا وتووێژەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین بەردەوامە بەڵام پووتین لە هێرشکردنە سەر شارەکانی ئەم وڵاتە بەردەوامە.

سەرۆککۆماری ئەمریکا لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا و بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕووسیە مووشەکبارانی شارەکانی ئۆکراین دەکات و دەبێتە هۆکاری مردنی خەڵک وتی: "ئەم بابەتەم پێ خۆش نییە و لەسەر چڕکردنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕووسیە کار دەکەم".

ناوبراو لە قسەکانیدا جیا لە سەرۆککۆماری ڕووسیە، هێرشیشی کردە سەر سەرۆککۆماری ئۆکراین و هەروەها جۆ بایدین سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا.

ترامپ لەم پێوەندییەشدا وتی: "ئەم شەڕە، شەڕی پووتین، زیلێنێسکی و جۆ بایدێنە".

ناوبراو قسەکانی ڤێلادیمیر زیلینێسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراینی بە کێشەساز لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند کە ئەم شێوازە لە قسە کردن خزمەتکردن بە وڵات نییە.

 

زیلێنێسکی پاش دوایین هێرشی بەربڵاوەکەی ڕووسیە بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی لە تێلێگرامدا نووسیبووی: "بەبێ گوشارخستنەسەر ڕووسیە، وەحشیگەرییەکان ڕاناگیرێت".

ئەم قسانەی ترامپ پاش پەرەسەندنی گرژییەکان لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤ و هێرشی بەربڵاوی دڕۆنی و مووشەکیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین لە بەرەبەیانیی یەکشەممەدا بوو کە لە ئاکامدا ١٣ کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.