کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی قەیراناویی کەماڵ شەریفی لە هەژدەیەمین ساڵی بەندکرانیدا

17:52 - 6 جۆزەردان 2725

کەماڵ شەریفی ڕۆژنامەوان و زیندانیی سیاسی کوردی خەڵکی سەقز، هەژدەیەمین ساڵی بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی میناب لە کاتێکدا دەست پێ کردووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەتاییترین مافی مرۆڤ و مافی یاسایی لێ زەوت کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو"، کەماڵ شەریفی کە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٧ی هەتاویدا لە سەقز لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و پاش شەش مانگ ڕاگرتن لە زیندانی تاکەکەسی و ئەشکەنجەدان لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لە دادگاییەکی نادادپەروەرانە و پێنج خولەکیدا بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، بە ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ شارێکی دیکە سزا درا، لە سەرەتای بەندکرانییەوە تا ئێستا لە بارودۆخێکی سەخت و نامرۆڤانەدا ژیان بەسەر دەبات.

باری تەندروستیی کەماڵ شەریفی ناجێگیرە و تا ئێستا دوو جار تووشی جەڵتە بووە جارێکیان لە ساڵی ١٣٩١ دوای ٤٨ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن کە لە ئەنجامدا لای ڕاستی جەستەی فەلەج بوو، جاری دووهەمیش لە ساڵی ١٣٩٩دا تووشی جەڵتەی دڵ بووە و دواتر لە بەندەر عەباس نەشتەرگەریی بۆ کرا.

سەرەڕای باروودۆخی نالەباری تەندروستیی ناوبراو تا ئێستا هەموو داواکارییەکانی بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاری و چارەسەری دەرمانی تایبەت لەلایەن کاربەدەستانی دادوەری و ئەمنییەتی ڕێژیمەوە ڕەت کراوەتەوە و لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەشە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لەم ساڵانەدا تەنیا یەک جار پەیوەندیی ڤیدیۆیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە ئەویش بە ڕێوشوێنی توندی ئەمنی، و دوایین چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆی بۆ زیاتر لە ١٣ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

کەماڵ شەریفی لە نامەیەکدا کە ساڵی ١٤٠٠ لە زینداندا بڵاوی کردبووەوە باسی لەوە کردبوو کە لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحیدا بووە، ئەم ئەشکەنجانە بریتی بوون لە ئەشکەنجە بە شۆکێری کارەبایی و باتووم کە بووەتە هۆی شکانی ددان و برینداربوونی جوومگەکانی و کێشەی هاتوچۆکردنی بۆ دروست کردووە.

هەروەها لەو نامەیدا نووسیبووی کە زیاتر لە ٢٠ جار داواکاری مەرەخەسیی بەشێوەی نوسراوە ناردووە بۆ داواکاری گشتی و بەرپرسانی دادوەریی هورموزگان و کوردستان، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵامێکی وەرنەگرتووە.

شەریفی لە ئێستادا لە بەشی تاوانە قورسەکانی زیندانی میناب ڕاگیراوە و لە هەلومەرجێکدا ڕاگیراوە کە نموونەی ڕوونی ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە.