کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێف بی ئای بڕیاری بەدواداچوونی بۆ بەرپرسێکی باڵای ئیتلاعاتی ڕێژیم دەر کردووە

10:40 - 7 جۆزەردان 2725

ئیدارەی توێژینەوەکانی فێدێراڵی ئەمریکا بڕیاری بەدواداچوونی بۆ بەرپرسێکی سەر بە هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران دەر کردووە.

 ئێف بی ئای لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندووە کە کەسێک بە ناوی "یحیا حوسێنی پەنجەکی"، ناسراو بە "سەید یەحیا حەمیدی"، لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بە هۆی پێوەندیی لەگەڵ هەوڵە تێرۆریستییە نێودەوڵەتییەکاندا، بڕیاری بەدواداچوونی لەلایەن ئەم ڕێکخراوەیەوە بۆ دەرکراوە.

بەپێی ئەم بەیاننامەیە، یەحیا حوسێنی بەرپرسی بەڕێوەبەریی ئەمنییەتی نێوخۆیی وەزارەتی ئیتلاعات و هەروەها جێگری وەزیری ئیتلاعات لە پێوەندیی لەگەڵ کاروباری ئیسرائیلدایە.

ئێف بی ئای پشتڕاستی کردووەتەوە کە ناوبراو بۆ لێپرسینەوە سەبارەت بە پیلانگێڕیی کوشەندەی جیهانی و چالاکییە تێرۆریستییەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی تۆڕە هەواڵگرییەکانەوە، بڕیاری بەدواداچوونی بۆ دەرکراوە و هەروەها جەختیشی کردووەتەوە کە زانیارییەکانی سەبارەت بە ناوبراو ڕادەستی ئەم ڕێکخراوەیە بکرێت.

یەکێک لەم هەوڵانەی یەحیا حوسێنی کە لەم بەیاننامەیەدا ئاماژەی پێ کراوە، هاوکاریکردن لەگەڵ سپای پاسداران و کەڵکوەرگرتن لە تۆڕێکی تاوانکار بۆ تێرۆرکردنی دژبەرانی ڕێژیم لە ئەمریکا بووە.

ئەم تۆڕە ئاماژە پێ کراوە تۆڕی ناجی شەریفی زیندەشتییە کە لە مانگی دێسامبری ساڵی ٢٠٢٠ی زایینییەوە تاکوو مارسی ٢٠٢١، بە ئامانجی تێرۆرکردنی ئەو دژبەرانەی ڕێژیم کە لە ئەمریکا نیشتەجێن، چالاکیی کردووە.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بۆ تێرۆرکردن و ئەنجامی کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆی لە دەرەوەی وڵات، زۆربەی کات لە گرووپە تاوانکارەکان لە وڵاتانی دیکە کەڵکی وەرگرتووە.

 

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەتییەکانی وڵاتانی ئورووپایی باسیان لە چڕبوونەوەی چالاکییە سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها بەکرێگرتنی گرووپە تاوانکارەکان بۆ ئەنجامدانی هەوڵە تێرۆریستییەکان لە خاکی ئورووپادا کردووە.

 

پێشتر موحسێن ڕەفیقدووست، یەکەمین وەزیری سپای پاسداران و لە بەرپرسانی باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژێکی تێلێویزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو کە خۆی و چەند بەرپرسی باڵای دیکەی ڕێژیم، بۆ ئەنجامی هەوڵە تێرۆریستییەکان لە خاکی ئورووپادا، لە گرووپێکی ئیسپانیایی کەڵکیان وەرگرتبوو.

 

هەر ماوەیەک لەمەوبەر وەزارەتی دەرەوەی سوید سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە گرووپە تاوانکارەکان لەم وڵاتەدا بۆ ئەنجامدانی هەوڵی تێرۆریستی هۆشداریی دابوو.

 

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە وەک یەکێک لە پشتیوانانی سەرەکیی تێرۆریزمی نیودەوڵەتی دێتە ئەژمار.