کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەردەلادان لەسەر دوو بەرهەمی ئەدەبی لە شنۆ

10:45 - 7 جۆزەردان 2725

ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠ ، ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر دوو کتێبی "زمانناسی هەوا ڕەسەنەکانی کوردی "و "خوەندن و نڤیساندنا زمانێ کوردی" بەرهەمی کاک عومەر محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە ئەدیبان، نوسەران و شاعیران و ڕێکخراوە ئەدەبییەکانی شارەکانی کوردستان لە هۆڵی موجتەمەعی فەرهەنگی هونەریی شاری شنۆ بەڕێوە چوو.

لەم کۆڕەدا وێڕای پەردەلادان لەم دوو بەرهەمە زمانی و ئەدەبییە، کۆڕی مۆسیقای هونەری چەند پارچە گۆرانیی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و دواتریش لەلایەن نووسەرەوە واژۆ بۆ کتێبەکان کرا.

عومەر محەممەدی مامۆستای خانەنشینی قوتابخانەکانی شنۆ، ساڵی ١٣٧٩ بە کۆمەڵێک پەخشان بەناوی "ئاسۆی قەڵەم" هاتە ناو جیهانی بێ بنی وێژەی کوردی و لەگەڵ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک سروە، ڕامان، مەهاباد، لووتکە، کۆمەڵگەی کوردستان، دەنگی ئاشنا، بەیان و دەیان سایت و بلاگ هاوکاری کردووە و وێڕای ئەمەش لە ناو شار و ئاواییەکانی دەڤەری شنۆ بەردەوام وێڕای کۆمەڵێک هاوڕێی دیکە بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک سەرقاڵی وانەوتنەی زمانی کوردی بووە.

ناوبراو هەتا ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆری ئەدەبی لە ئاستی کوردستان و ئێراندا بەشداریی کردووە و خەڵات کراوە، هەروەها چەند بەرهەمێکی دیکەشی لە بواری ڕێزمان و ڕێنووسی سەرەتایی بۆ منداڵان چاپ و بڵاو کردووەتەوە.

ناوبراو ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ و بەرپرسی فێرگەی زمانی کوردیی شنۆ هەروەها دامەزرێنەری بنکەی زانستپەروەری بۆ ژیانە.