کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی ٣٠ هەتا ٥٠هەزار کەس بە هۆی پیسبوونی کەشوهەوا لە ساڵێکدا

11:18 - 7 جۆزەردان 2725

نوێترین ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیم بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی تەندروستی، دەریخستووە کە لە ساڵی ١٤٠٢دا ، ٣٠هەزار و ٦٩٢ حاڵەتی مردنی پێشوەختە بەهۆی پیسبوونی هەوا لە ٥٧ شاردا کە کۆی ژمارەی دانیشتووانیان نزیکەی ٤٨ میلیۆن کەس بووە ڕووی داوە.

ناوەندی توێژینەوەی مەجلیس ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ژمارەیە لە هەندێک ئاماری دیکەدا گەیشتووەتە ٥٠ هەزار کەس، هەروەها بە وتەی وەزیری تەندروستی، تێچووی مرۆیی پیسبوونی هەوا لە وڵاتدا ساڵانە ٥٠ هەزار حاڵەتی مردنە.

هەروەها بەگوێرەی ئەو توێژینەوانە لە هەر ١٠٠ هەزار دانیشتوو لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا لە ساڵی ١٤٠٢، بە شێوەی نێونجی ٦٢ کەس بە هۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەست داوە.

ڕاپۆرتەکە دەریدەخات کە زۆرترین و کەمترین ژمارەی گیانلەدەستدان لە هەر ١٠٠ هەزار کەس لە هەمان ساڵدا لە چ شارێکدا بووە، کە زۆرترینیان لە پارێزگاکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی ئێران بووە کە ١٤١ حاڵەتی گیانلەدەستدانی هەبووە و شارەکانی شاهروود و هەروەها سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمترین ژمارەی گیانلەدەستدانیان هەبووە کە ٣٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە نێو ١٠٠ هەزار کەسدا تۆمار کراوە.

هەروەها ئەو ناوەندە لە ڕاپۆرتەکەیدا باس لە کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا لە رەهەندەکانی دیکەوە دەکات، لەوانە دابەزینی کوالێتیی ژیان، زیادبوونی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و تەندروستی، گۆڕانکاری لە شێوازی کۆچکردن، دابەزینی ئاستی خوێندن و چەندین حاڵەتی دیکە.

 پێشتریش محەممەد سادق حەسەنوەند، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پیسبوونی هەوا لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران، لە ١٤٠٣دا  ڕایگەیاندبوو کە ساڵانە نزیکەی ٤٥٠ هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان لەو وڵاتە بە هۆکاری جۆراوجۆر ڕوو دەدات و لەو ژمارەیەش ٥٠ هەزار حاڵەت بۆ پیسبوونی هەوا دەگەڕێتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پیسبوونە مەترسییەکی گەورەی دروست کردووە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا زیانەکانی پیسبوونی هەوا لە ئێراندا بە ١٢ میلیارد دۆلار مەزەندە کراوە و لە هەندێک لێکۆڵینەوەی دیکەدا، بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی پێوەندیدار بە نەخۆشییەکان، ئەم ژمارەیە تا ٢٣ میلیارد دۆلار مەزەندە کراوە.