
کەمپەینی مافی مرۆڤی بەلووچستان، ناو و زانیارییەکانی ٥٢ بەندکراوی بەلووچی بڵاو کردووەتەوە کە لە ماوەی ٥٠ ڕۆژی ڕابردوودا لەسێدارە دراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆماری ئیسلامی لە هەوڵێکی دیکەدا کە نموونەی ئاشکرای تاوان بە دژی مرۆڤایەتییە، تەنیا لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا ٥٢ بەندکراوی بەلووچی لە سێدراە داوە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، لە ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە تاکوو ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، لانیکەم ٥٢ بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران، بەبێ ڕوونکاری لە دۆسییەکانیاندا و دەسپێڕاگەیشتن بە مافی پارێزەر لە سێدارە دراون کە بۆ زۆربەیان ڕێگە بە دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەدراوە.
بەپێی زانیارییەکان، لەم ٥٢ کەسە، ٥ کەس بە تۆمەتگەلی سیاسی و ئەمنییەتی، ٣٢ کەس لە پێوەندیی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان، ١٤ کەس بە تۆمەتی کوشتن و کەسێکیش بە تۆمەتێکی نادیار، لەم ماوەیەدا، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دراوە.
بەپێی داتاکانی کەمپەینی مافی مرۆڤی بەلووچستان کە لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، ساڵی ڕابردوو لانیکەم ١١١ بەندکراوی بەلووچ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون.
لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەی لەسێدارەدراوانی بەلووچ لە هەر ساڵێکدا سەد کەسی تێپەڕاندووە و وێدەچێت کە ئەمساڵیش بە لەسێدارەدانی ٥٢ کەس تەنیا لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، ئەم ڕێژەیە تا کۆتاییەکانی ساڵ لە سەد کەس تێپەڕ ببێت.
کەمپەینەکە ئەم بابەتەی بە کارەساتێکی مرۆیی زانیوە و جەختی کردووەتەوە کە لایەنە مافی مرۆڤییەکان نابێت لەم پێوەندییەدا بێدەنگ بن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە کە لە سزای سێدارە بۆ سەرکوتی سیستماتیکی نەتەوە بندەستەکان و بەتایبەتی دوو نەتەوەی کورد و بەلووچ کەڵک وەردەگرێت.
ئەم شێوازە لە سەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخوازی لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نموونەی ئاشکرای سەرکوتی سیستماتیک و تاوان بە دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەم دراوە.