
لە کاتێکدا کە قەیرانی بژێوی ژیان لە وڵاتدا ڕۆژانە لە ڕەهەندی جیاوازدا فراوانتر دەبێت، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نرخی نان کە یەکێک لە گرنگترین پێداویستی ژیانە لە هەندێک نانەواییەکاندا دوو هێندە زیادی کردووە.
ماڵپەری ئیقتساد ئانلاین لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ بڵاوی کردبووەوە ڕایگەیاند، شەپۆلی بەرزبوونەوەی نرخی نان بە بێدەنگی و بەبێ هیچ پلانێک لەلایەن دەسەڵاتەوە بڵاو دەبێتەوە و ئەم بەرزبوونەوەیە بەتایبەتی لە دۆخێکدایە کە نان تاکەڕێگە بۆ دابینکردنی کەمترین کالۆریی ڕۆژانە بۆ زۆرێک لە ماڵە کەمداهاتەکانە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دانی دەسەڵاتی نرخدانان بە پارێزگارەکان و نەهێشتنی یارانەی ئارد بۆ سەندیکا و نەبوونی بەرنامە و بەڕێوەبردنی هەماهەنگ لەلایەن ڕێژیمەوە دۆخێکی شپرزەی لە بازاڕی ناندا دروست کردووە.
هاوکات محەممەد جەلالی ئەندامی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵی مەجلیسی ڕێژیم دانی بە ئاڵۆزی بازاڕی ناندا دانا و داوای دەستکاریکردنی نرخی نان لە پارێزگارەکانی کرد.
لە پارێزگای ئەردەبیڵ لەو ناوچانەیە کە بە فەرمی نرخی نانی نوێیان ڕاگەیاندووە و بە پشتبەستن بە بڕیاری ناوەندی ئارد و نانی پارێزگاکە، نرخی هەر نانێکی سەنگەکی بە ١٦ هەزار تمەن و نانی بەڕبەڕیی بە ١٥ هەزار تمەن دیاری کراوە.
شایانی باسە ناڕەزایەتییەکانی نانەواکان لە چەند حەفتەی ڕابردوودا لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران چڕتر بووەتەوە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان لە بەردەم بینای پارێزگاکان و فەرمانداریی شارەکان بە هۆی سیستەمی ناکارامەی "نانینۆ"، نەدانی یارمەتییە بەڵێندراوەکان و گوشارەکانی تێچووی زۆر بەڕێوە بردووە، بەڵام بەشێک لەو داواکارییانە تا ئێستاش لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بێوڵام ماونەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی نان و بە تایبەت لە کاتێکدا کە هەژاری و نائەمنیی خۆراکی هەڕەشەیەکە بۆ سەر ژیانی میلیۆنان کەس، نیشانەیەکی دیکەی ڕوونی شکستی بەرنامە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی و نەبوونی پلان بۆ پشتیوانی لە گرووپە لاواز و کەمداهاتەکانی کۆمەڵگایە.