
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی لە توندوتیژی دژی بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی تارانی گەورە کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی دووشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ڕەزا ڕەمەزانزادە، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی تارانی گەورە دوابەدوای توندوتیژی و لێدان لەلایەن چوار بەندکراوی دیکە لە بەندی تاوانە توندوتیژەکان، سەری بریندار بووە و پاش خوێنڕێژیی زۆر گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
سەری ڕەزا بە هۆی ئەم لێدانەوە بریندار بووە و ١٧ تەقەڵی لێ دراوە.
بەپێێ زانیارییەکانی کوردپا، ناوبراو لە سرویسی بێهداشتیی بەندی ٤ی ئەم بەندیخانە کە بە بەندی تاوانە توندوتیژەکان ناسراوە لەلایەن چوار کەسەوە هێرشی کراوەتە سەر و بریندار بووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بەرپرسی بەندەکە بە هاندانی ڕاستەوخۆ داوای لەو چوار بەندکراوە کردووە کە لە ڕەزا بدەن.
بەم حاڵەوە ڕەزا بۆ ماوەی سێ رۆژ لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەری بوووە تا ئەوەی کە دۆخی ناجێفگیر دەبێ و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، لە پێڕاگەیشتنی سەرەتاییدا سەری ١٧ تەقەڵی لێ دەدرێ و سرۆمێکی بۆ دادەنێن و دوو دەرزیشی لێ دەدەن و برینەکەی دەپێچن. دوای گەڕانەوە بۆ بەندیخانە، دەیخەنە ژێر گوشارەوە کە دەبێ تێچووی دەرمانەکە کە سێ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن بووە بداتەوە بە بەندیخانە.
بەپێی بڕگەی ١٢٢ی ئاییننامەی بەندیخانەکان، تێچووی چارەسەر و دەرمانی پێویستی بەندکراوان لە ئەستۆی دەولەتە و هیچ پێویست نییە کە ئەم تێچووانە خودی بەندکراو بیاندات مەگەر ئەوەی کە بەندکراو داوای خزمەتگوازریی تایبەت بکات.
ڕەزا ڕەمەزانزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد کە خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران لە بەندیخانەی تارانی گەورەیە، سەرەڕای ئەوەی کە ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە لە بەندی تاوانە مەترسیدارەکان ڕاگیراوە، بە هۆی کێشەی گەدە و هەرسکردن لە دۆخێکی ناجێگیردایە و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پزیشک بێبەری کراوە.
ڕەزا ڕەمەزانزادە کە پێشینەی چەندین جار دەسبەسەرکران و بەندیخانەی هەیە، بە هۆی مانگرتن لە خواردن تووشی کێشەیی جیدیی هەرسکردن و گەدە بووە و کاربەدەستانی بەندیخانەی تارانی گەورەش لە پێڕاگەیشتن بە دۆخی پزیشکیی ناوبراو خۆ دەبوێرن.