
لە حاڵێکدا کە گرژییەکان لەسەر پرسی ناوکیی ڕێژیمی ئێران زیادیان کردووە و دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕاوەستاوە، ڕۆژنامەی ''کەیهان'' لە بابەتێکدا دانوستانەکان بە "دوا تیشکی هیوا" بۆ ڕزگارکردنی ڕێڕەوی دیپلۆماسی ناو دەبات.
ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها باسی لە ئەگەری پێشکەشکردنی ڕێککەوتنێکی تەکنیکی لەلایەن تارانەوە کردووە کە پێش لە گەڕانەوە بۆ کەشی ڕووبەڕووبوونەوە و پەرەسەندنی گرژییەکان بگرێت.
ڕۆژنامەی کەیهان هەروەها ئاماژەی بە نەرمینواندنی ئێران کردووە و نووسیویەتی: ڕەنگە لایەنی ئێرانی ئامادە بێت ئاستی پیتاندن بۆ ئاستێکی غەیرە نیزامی کەم بکاتەوە و ڕێگە بدات ئەم کەمکردنەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکرێتەوە. بەڵام ئەو ڕۆژنامەیە جەختی لەوە کردەوە کە تاران "هەرگیز بە وەلانانی تەواوی بەرنامەی ناوکی ڕازی نابێت".
سەرەڕای خستنەڕووی ئەم بژاردەیە، کەیهان جەختی لەوە کردەوە کە هیوای بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی ڕاستەقینە نییە و نووسیویەتی: ''ئەوەی دەمێنێتەوە دەرفەتێکی زێڕین نییە بەڵکوو دوا تیشکی هیوایە، کە دۆناڵد ترامپ لە ڕێگایەک کە بە ڕوونی بەرەو کارەسات دەچێت، بگەڕێتەوە دواوە.''
ئەو ڕۆژنامەی سەر بە خامنەیی هۆشداری دا ئەگەر ترامپ پێداگری لەسەر ڕێگایەکی دیکە بکات، نە تەنیا زنجیرەیەک شکستی سەرسووڕهێنەری سیاسەتی دەرەوەی بە دواوە دەبێت، بەڵکوو وێنای ''دانوستانکاری لێهاتوو''ش دەڕووخێت.
هاوکات، ڕاوەستانی خولی چوارەمی دانوستانە ناوکییەکان، گومانەکانی لە جیددیەتی لایەنەکان لە گەڕانەوە بۆ سەر ڕێڕەوی دانوستانە کاریگەرەکان زیاتر کردووە و بە بڕوای چاودێران ئەگەری شکستی ئەو دانوستانانەی بەهێزتر کردووە، کە دەکرێت لێکەوتەی جیددیی هەبێت.