
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا ڕۆژی ٧ی جۆزەردان یەکیەتیی ژنانی کوردستان کە پێکهاتووە لە چالاکانی مافی ژنان و بنەماڵە مافخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک پشتیوانیی خۆی لە مانگرتنی سەرتاسەریی شۆفێرانی بارهەڵگر و نانەواییەکان ڕاگەیاند و لە ڕاگەیەندراوەدا مانگرتنیان بە "پێویستییەکی مێژوویی" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری و سەرمایەداریی ئایینی وەسف کرد.
لەو ڕاگەیەندراوەدا جەخت لەسەر ڕۆڵی گرینگی شۆفێرانی بارهەڵگر لە زنجیرەی دابینکردن و ئابووری وڵات و ڕۆڵی گرینگی نانەواکان وەک پارێزەری نانی ڕۆژانەی خەڵک کراوە و ئەم دوو چینەی کۆمەڵگا لە ڕێگەی مانگرتنەکانیانەوە، هاوارێکیان لە دژی ستەم و گرانی و سووکایەتیپێکردن و سەرکوتکردن بەرز کردووەتەوە، هەر بۆیە یەکیەتیی ژنانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ ئەو چینەدا ڕاوەستاون و ئازارەکانیان بە ئازارەکانی خۆیان دەزانن.
لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا، ئەو یەکیەتییە داوا لە هەموو چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگە وەکوو کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان، هونەرمەندان، بێکاران، خوێندکاران و … دەکات کە بەشداری لە مانگرتنەکە بکەن و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک بەبێ لەپێی خستن و فەلەجکردنی چەرخەکانی ماشینی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی مومکین نییە و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان تەنیا لە ڕێگەی یەکڕیزی و یەکگرتووییەوە دەتوانرێت وەدی بهێنرێت.
یەکیەتیی ژنانی کوردستان لە کۆتاییدا ڕایانگەیاند کە: "نە لێیان خۆش دەبین، نە لەبیرمان دەچێت، نە پاشەکشێ دەکەین. لە ژیناوە تا نان و ئازادی، ڕێگاکەمان یەکە".
هەروەها لەلایەکی دیکەوە حوسێن ڕەونەقی، چالاکی سیاسی لە ئێران، پشتیوانیی خۆی لەو مانگرتنانە ڕاگەیاند.
ناوبراو وێڕای پشتیوانی لە مانگرتنی بارهەڵگرەکان، نووسیویەتی: مانگرتن و ناڕەزایەتی مافێکی بنەڕەتی و بێ ئەملاوئەولای هاووڵاتییان لە دژی دەسەلاتێکە کە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە حوکمڕانی تاکڕەوانە و تێکدەرانەیدا، بژێوی ژیان و ژیانی خەڵکی وێران کردووە و ژێرخانی وڵاتی گەیاندووەتە لێواری داڕمانەوە.
ئەو چالاکوانە سیاسییە وتیشی کە سەرکوتکردنی داوا ڕەواکانی خەڵک و دەسبەسەرکردنی شۆفێرانی بارهەڵگری ئاماژەیە بۆ ترسی ڕێژیم لە ئیرادەی گشتی و هێزی خەڵک.
ناوبراو ڕایگەیاند کە دەبێت دەستبەجێ هاووڵاتییانی ناڕازیی دەسبەسەرکراو ئازاد بکرێن و گەلی ئێران لە بەرامبەر ئەو زوڵمە بێدەنگ نابن.
ناڕەزایەتیی شۆفێرانی بارهەڵگر لە ئێران لە ١ی جۆزەردانەوە دەستی پێ کرد و ئێستا لە ماوەی حەفتەیەکدا لانیکەم لە ١٦٣ شار بەردەوام بووە.
شۆفێران لە بەرزبوونەوەی تێچوون و دابەزینی کرێ و خراپیی بارودۆخی ژیان و بێباکیی دەسەڵات لە داواکارییەکانیان ناڕازین، و بە کوژاندنەوەی بارهەڵگرەکانیان و وەستان لەسەر ڕێگاکان دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرز کردووەتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی تێکهەڵچوونی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەگەڵ شۆفێرە ناڕازییەکان و دەسبەسەرکردن و هەڕەشەکردنیان بڵاو بووەتەوە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەرکوتکردنی توندی ئەم بزووتنەوە سەندیکاییە پەرەی سەندووە.