
کاناڵی فاکس نیووز، بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن "نووسینگەی فێدێڕاڵی پارێزگاری لە یاسای بنەڕەتیی ئوتریش"ـەوە ڕایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی شێلگیرانە بەشوێن دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدایە و بەرنامەکانی خۆی بۆ ئەم مەبەستە پەرە پێ ئەدات.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم کاناڵە ئەمریکاییە، سەرچاوە ئوتریشییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەم بەرنامانە بە شێوەیەکە کە دەتوانێت لە مووشەکە درێژمەوداکانی ئێراندا کەڵکی لێ وەربگیردرێت.
ئەم ڕاپۆرتەی فاکس نیووز لەکاتێکدایە کە ماوەیەک پێش ئێستا، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە کۆمەڵگای هەواڵگریی ئەمریکا بەپێی زانیارییەکانی، لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئێران خەریکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە.
تولسی گابارد لەو ڕاپۆرتەدا هێنابووی کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ی زایینییەوە تاکوو ئێستا، فەرمانی بۆ دەستپێکردنەوەی بەرنامەکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەداوە.
نووسینگەی فێدێڕاڵی پارێزگاری لە یاسای بنەڕەتیی ئوتریش لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەوپێشبردن و سەقامگیرکردنی زێدەخوازییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا، لە هەوڵدایە ڕێکخستنێکی دووبارە بۆ پڕچەککردنی خۆی بەتایبەتی دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بکات تاکوو حکوومەتەکەی لەهەمبەر هێرشە سەربازییەکاندا بپارێزێت و هەروەها هێژموونیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی جیهانیش بەهێزتر بکات".
ئەم ڕێکخراوە ئوتریشییە زیادیشی کردووە کە بەرنامەکانی تاران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی گەشەی کردووە و لە ئێستادا مووشەکە درێژمەوداکانی توانای هەڵگربوونی کڵاوە ئەتۆمییەکانی هەیە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە تۆڕەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشێلکردنی گەمارۆکان دراوە و جەخت کراوەتەوە کە ئەم تۆڕانە بە ڕادەیەکی زۆر گەشەیان کردووە و بە ئەزموون بوونە و هاوکات بە قازانجی ڕووسیەش بۆ ئەم مەبەستە هەڵسوکەوت دەکەن.
پاش بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن فاکس نیووزەوە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی لە کاردانەوەدا ڕایگەیاندووە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێبەندە بەوە کە هیچکات کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات.
فاکس نیووز لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئەم دەسکەوتە هەواڵگرییانەی ئوتریش دەتوانێت ڕەوتی وتووێژە ناوکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئێستادا بەرەوڕووی کێشە بکاتەوە.
جێی باسە کە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیەک بە پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی وەک حکوومەتیک لە تێرۆریزم دەوڵەتی کراوە و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران بە جلی دیپلۆماتەکانەوە لە یەکێک لە گەورەترین باڵوێزخانەکانی ئێران لە ڤییەن، پێتەختی ئوتریش، خەریکی چالاکین.