کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گروسی: پشکنینی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران مەرجی هەر ڕێککەوتنێکە

11:59 - 8 جۆزەردان 2725

ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، ڕۆژی چوارشەممە جەختی لەوە کردەوە کە پشکنینەکانی ئەو ئاژانسە لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، دەبێ بەشێکی دانەبڕاو لە هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری داهاتووی نێوان تاران و واشنگتۆن بێت.

گروسی باسی لەوە کرد بەبێ چاودێری و پشکنینی توندی ئاژانس ڕێککەوتنێک وێنا ناکرێت، ناوبراو هەروەها درێژەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکای بە نیشانەیەکی ئەرێنی زانی، هەرچەندە بە وتەی ئەو، ئەم وتووێژانە هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی کۆتایی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، محەممەد ئیسلامی، بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکی ئێرانیش ڕۆژی چوارشەممە ٧ی جۆزەردان، ڕایگەیاند کە ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا سەرکەوتوو بن، ڕەنگە ئێران ڕێگە بە پشکێنەرە ئەمریکییەکانی سەر بە ئاژانس بدات سەردانی هەندێک شوێنی ناوکی بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە ئەگەری نەرمینواندنی ئێران سەبارەت بە پرسی پیتاندن هەیە، ڕایگەیاند کە بەردەوامیی پیتاندن بەشێکی دانەبڕاو لە بەرنامەی ناوکیی ئێرانە و بنەمایەکی بنەڕەتییە کە چاوپۆشی لی ناکرێت.

ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە تاکە پرسێک کە لەم دانوستانانەدا باسی لێوە دەکرێت، بەرنامەی ناوکی و هەڵگرتنی گەمارۆکانە و تا ئێستا هیچ پرسێکی دیکە لە نێوان هەر دوو لایەندا نەخراوەتە ڕوو.

تا ئێستا پێنج خولی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ١٢ی ئاوریلەوە بەڕێوە چووە کە لەلایەن هەردوولاوە بە "ئەرێنی" وەسف کراوە.