
بەهرام مەجدی فەرد، هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لەلایەن بە ناو دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە سەرجەم بە دە ساڵ بەندکران سزا درا.
بەپێی ڕاپۆرتی چاونیووز هاووڵاتیک بە ناوی "بەهرام مەجدی فەرد" خەڵکی گوندی ڕاژان سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، پاش دەسبەسەرکران و ئەشکەنجەدانی لەلایەن بە ناو دادوەر نەجەفزادە بەرپرسی لقی ٦ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ورمێ، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسونی ئێران، بە سێ ساڵ و چوار مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو و هەروەها شەش ساڵ و هەشت مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو (بۆ ماوەی سێ ساڵ)، سزا درا.
چاونیووز ڕایگەیاندووە کە بەرەبەیانیی ١ی گەلاوێژی ١٤٠٣، هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژانە لە پەنجەرە و لەسەر دیوارەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بەهرام و وێڕای دەسبەسەرکردنی ناوبراو، ماڵەکەشیان پشکنیوە.
چاونیووز زیادیشی کرد کە دوای ١٥ ڕۆژ ئەشکەنجەدان و لێپرسینەوە، بەهرام بۆ گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ ڕاگوێزرا و بەبێ مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، زیاتر لە ١٠ مانگ دەسبەسەر کرا و بەردەوام لە ژێر لێپرسینەوەدا بووە، و دواتر لە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕی ئەمساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا، سزای داسەپاو دژی بەهرام پێی ڕاگەیەندرابوو و ناوبراو داواکاریی پێداچوونەوەی کردبوو، بەڵام لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمەوە، ئەم سزایە بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.