کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی دوو هاوپەیمانیی سیاسی لە مانگرتنی سەرتاسەریی نانەواییەکان و کامیۆندارانی لە ئێران

12:25 - 8 جۆزەردان 2725

دوو هاوپەیمانیی سیاسیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ و هاوپێوەندی گشتگیر بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ مانگرتنی سەرتاسەریی کامیۆنداران و نانەواکان لە سەرانسەری ئێران ڕاگەیاند.

لەم بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردان بڵاو کرایەوە، ئەم دوو ڕێکخراوە سیاسییە بە ئاماژەدان بە بڕیاری ئەم دواییەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ دابینکردنی گازۆئیل بە سێ ڕێژەی پشک، نیمچەیارانەیی و ئازاد هۆشدارییان دا کە جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە ڕاستەوخۆ نرخەکان بەرز دەکاتەوە و گوشاری زیاتر دەخاتە سەر بژێوی خەڵک.

نووسەرانی بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بە دەستپێکردنی مانگرتنی بارهەڵگرانی سەرتاسەریی ئێران لە یەکی جۆزەردان و بەردەوامبوونی، بارودۆخی ئابووری شۆفێرانیان بە مەترسیدار وەسف کردووە و ئاماژەیان بە کێشەکان لەوانە هەڵاوسانی توند، کەمیی پارچەی یەدەگ، خراپی بارودۆخی ڕێگاوبانەکان، کەمبوونەوەی ڕێژەی سووتەمەنی، و نەبوونی بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی گونجاو کردووە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە مانگرتنی نانەواکان لە دەیان شاری ئێران کراوە و بە ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان، کێشەکانی پەیوەندیدار بە سیستمی "نانینۆ"، پچڕانی بەردەوامی کارەبا و نەدانی پارەی یارانەکان لەلایەن دەوڵەتەوە وەسف کراوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا، ئەو دوو ڕێکخراوە ڕەخنەیان لە وڵامدانەوەی ئەمنییەتی و سەرکوتکارانەی ڕێژیم بۆ مانگرتنەکان گرتووە و نووسیویانە: ''ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وەک هەمیشە لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی مانگرتووان، هەوڵی داوە بە جێگیرکردنی هێزەکانی ئینتزامی، لێدان و دەسبەسەرکردنی بەربڵاو، کەشێکی ترس و تێرۆر دروست بکات.

کۆنگرەی 'نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ و هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران، وێڕای پشتیوانی لە داخوازییە سێنفییەکان و بژیوی ژیانی مانگرتووان، داوایان لە خەڵکانی ئێران کردووە کە بە پشتیوانی لەم ناڕەزایەتییانە لە ڕاستای گەیشتن بە مافە مەدەنی و ئابوورییەکان بەشداری بکەن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا لەسەر پێویستیی ڕێکخستن، یەکگرتوویی هاوپێوەندیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕێژیم جەخت کراوەتەوە و خوازیاری درێژەدان بە خەبات بۆ ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتە بوون کە چوار دەیە ئێرانی تووشی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کردووەتەوە.