کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی ڕۆژنامە دیوارییەکان و گرینگیدان بە پەروەردەی ڕۆژنامەنووسی لەنێو مەتەرێزی خەباتدا

12:30 - 8 جۆزەردان 2725

ڕۆڵی ڕۆژنامە دیوارییەکان و گرینگیدان بە پەروەردەی ڕۆژنامەنووسی لەنێو مەتەرێزی خەباتدا

ئەحمەد ڕەحمانی

گەشەی بیری سیاسی حیزب و ڕێکخراوەکان لە ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەندا خۆی دەخزێنێتە نێو ئەم حیزب و ڕێکخراوانە و کۆمەڵانی هەراوی خەڵک و بە شێوەیەکی گشتی ئاستی زانیاری بەرەوپێشەوە دەبات و ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێ و لە تەک خەباتی سیاسی و چەکداریدا هاوتەریب لە بەستێنی گەشەی سیاسیی ئەم حیزب و ڕێکخراوانەدا ڕەنگ دەداتەوە. لە هەمان کاتیشدا دەبێتە زانکۆیەکی پەروەردەیی ڕۆژنامەوانی و سەکۆی پێگەیاندنی کادری بەئەزموون بۆ داهاتووی کاری بڵاڤۆکەکان.

ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە مێژووی نزیک بە ٨٠ ساڵەی خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بدەینەوە، دەگەینە ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە کە سەرەڕای خەباتی ڕژد و بەرگریی پێشمەرگانە لە دژی دوو نیزامی داپڵۆسێنەری پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی، بەڵام قەڵەمی شۆڕش هەمیشە ڕۆڵی گرینگی خۆی گێڕاوە و دەکرێ بگوترێ چەک و قەڵەم هاوتەریب بوون لەم خەباتەدا. ڕۆژنامە و بڵاڤۆکەکان بە پێی ئیمکان و دەرفەت ئەگەر لە تیراژێکی کەمیشدا بووبن بڵاوبوونەتەوە و لەوانەیە هەندێک لە بڵاوکراوەکان وەکو ڕۆژنامەی "کوردستان" کەوتبنە چەند دەورەیەک، بەڵام گەشەی بیری سیاسی حیزب نەوەستاوە و جارێکی ترم ڕۆژنامە کەوتۆتەوە گەڕ و ئەو ئەرکەی هەیبووە بە زیادەوە جێبەجێی کردوە.

ئەم ئەرکی ڕۆژنامەوانیە تەنیا تایبەت نەبوو تەنیا بە ڕۆژنامەیەک، بەڵکوو لە پاڵ ڕۆژنامەی "کوردستان"دا چەندین نامیلکەی دیکە و بەڵگەنامە و تەنانەت چاپکردنی "تێکۆشەر"، "جنگ در کردستان"، "٢٦ی سەرماوەز"، "تیشک"، "لاوان"، "ژنان"…هتد. جگە لە هەمووی ئەوانە لە گەرمەی خەباتی چەکداری و پێشمەرگانەدا لەنێو بنکە و بارەگا و هێزەکانی حیزبی و ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوانیشدا ئەرکی پەروەردەی ڕۆژنامەوانی بە میتۆدێکی تر خۆی دەرخست لە چوارچێوەی "ڕۆژنامەی دیواری"دا. ئەم ڕۆژنامە دیوارییانە لەو سەردەمدا دەکرێ بگوترێ فێرگەیەکی باش بوون بۆ پێگەیاندنی کەسانی پسپۆڕ و شارەزاو دەروازەیەکی باش بوون بۆ پێگەیاندنی کادری بە ئەزموون، ڕۆژنامە دیوارییەکان پڕ و تەژی بوون لە سەرچاوەی گشتی و هەوڵی خۆپێگەیاندن و بردنەسەری زانیاری پێشمەرگە و کادرەکان و تەنانەت بنەماڵەکانیش ئۆگری ڕۆژنامە دیوارییەکان بوون و تامەزرۆی خوێندنەوەیان بوون.

ئەو قۆناغە لە خەبات هەل و فرسەتێکی باش بوو بۆ خولیابوون بە دوای خوێندنەوە و گەڕان بە دوای سەرچاوەی باشدا و تەنانەت لە بواری تەڕاحی و دیزانەوە ئەم ڕۆژنامە دیوارییانە لە پێشبڕکێدابوون و ڕۆژبەڕۆژ بە مۆدێڕنتر دەکران بە پێ ئیمکاناتی ئەو سەردەم کە هێشتا دنیای دیجیتاڵی بەو شێوەیەی ئێستا هەموو کەلێن و قوژبنێکی ئەم گەردوونەی نەگرتبۆوە.

لەنێو کەمپ و بارەگاکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا ببوو بە نەریتێکی ساڵانە کە ئەم ڕۆژنامە دیوارییانە وەکوو بەشە وەرزشییەکان دەکەوتنە کێبەرکێ، کێبەرکی لە بواری وتارنووسیدا، بەخشینی زانیاریی گشتی، نێوەرۆک، تەڕاحی، دیزاین، جواننووسی، خەتاتی…هتد

ئەمە کێبەرکێ و پێشبڕکێیانە ببوونە هۆی ئەوەی کە هەوڵی هەرچی زیاتر بدرێ قەوارە و شکڵ و شێوە و بابەتەکانی ئەم ڕۆژنامە دیواریانە دەوڵەمەندتر بکرێ و ئاستەکانی پێشڤەچوونیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەوپێشەوە بچێ. ئەم ڕۆژنامە دیوارییانە قوتابخانەیەک بوون بۆ خۆپێگەیاندن و هەوڵ و تێکۆشان و بردنە سەری ئاستی زانیاری تاک و کۆ لە هەمان کاتیشدا کێبەرکێیەکی سالم لەنێو کادر و پێشمەرگەکاندا.

بۆ ئەو سەردەم لە مەتەرێز و مەکۆی خەباتدا ئەم هەنگاوەی دەرکردنی ڕۆژنامەی دیواری گەلێ پۆزەتیڤ بوو، نیشانەی خۆی باش پێکا و ئەنجامی باشی دا بەدەستەوە و پڕ بەرهەم بوون. ئەم ڕۆژنامە دیوارییانە ئەرشیوێکی خەباتی هاوتەریبی چەک و قەڵەمی پێشمەرگەن و دەرفەت و هەلێکی باش بوون بۆ ئەوانەی خولیا و ئۆگری کاری ڕۆژنامەوانی بوون و توانییان ڕێچکەی نووسینی خویان بدۆزنەوە و شارەزایی و لێهاتوویی خۆیان لە بواری نووسینەوە پەیدا بکەن و تەنانەت ببن بە نووسەر و لەم سەنگەرەشدا ئەرکی سەر شانیان هاوشان لەگەڵ پێشمەرگەبوون بە باشترین شێوە بەڕێوە ببەن و تەنانەت کاریگەریشیان لە سەر دەوروبەر هەبێ و ئۆلگویەکی جوان بن بۆ مەتەرێزی خەبات.