کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تارانی تاڵانچی

12:36 - 8 جۆزەردان 2725

تارانی تاڵانچی

سمکۆ سەقزی

خومەینی وەکوو دامەزرێنەر و یەکەم ڕێبەر و ئەمیری دەوڵەتی ئیسلامیی تاران، لەگەڵ جێگیربوونی دەسەڵاتەکەی لە تاران بەڵام لە کوردستان تووشی "نا" یەکی سەرکەشی چیایی بوو. گەلاوێژی ساڵی ۵۸ بە فەرمانی جیهادی خومەینی دژ بە کوردستان و کورد، سپایەکی توندڕەوی دەمارگیری مەزهەبی شاڵاویان بۆ کوردستان هێنا بۆ کاولکاری. ئەم سپا ئیرهابییە کە دواتر لەنێو چەندین لەشکر و تیپدا خۆیان ڕێک‌خست، لەگەڵ کوشتاری خەڵکی سیڤیل و مەدەنی، چاوی تەماحیان بڕییە سەروەت و کان و کانزاکانی میللەتی کورد. دوای کۆتایی شەڕی ئێران و عێڕاقیش، ڕێژیمی تاران بەشێکی ئەم حەشیمەتە زۆرەی سپا و بەسیجی، لەنێو ئیدارە و ئەرتەش و هێزی بەناو ئینتزامیدا دامەزراند تا لە کاتی خۆیدا کەلکیان لێوەربگرێ.

دوای مردنی خومەینی و هاتنەسەر کاری خامنەیی و بوونە سەرکۆماری ڕەفسەنجانی، بە ناوی بنیاتنانەوەی وڵات و ئاوەدانکردنەوەی وێرانییەکانی جەنگ، لە دڵی گەنیوی سپای تێرۆریستەوە قەرارگایەک دروست بوو بە ناوی قەرارگای سازەندەگیی خاتەمولئەنبیا. ئەم سازەندەگی و ئاوەدانکردنەوەیە ڕێک مانای دەقاودەقی ئێستعمارییەکەی بوو لە کوردستان، ‌و بوو بە قەرارگای تاڵان و دزی و گەندەڵی.

ئەم قەرارگا نیزامی، ئەمنیەتی و ماڵییە بوو بە چەتری هەموو کاروبارەکان، بەپێی بڕیاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان پرۆژەیەکی هەمەلایەنە لە هەر دوو دەوڵەتی ڕەفسەنجانی لە کوردستان بەڕێوەچوو کە ئاسەوارە قێزەونەکەی تا ئێستەش بەهۆی بەردەوامیی تەمەنی نگریسی هەر دیارە.

هەر لەو سەروبەندەدا، میللەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی داگیرکراودا لە ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ و ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧١دا هەواڵی شەهیدکرانی دوو ڕێبەری بلیمەتی خۆی بیست کە گەورەبەرپرسانی حکومەتی لە تاران بڕیاری جێبەجێکردنیان بۆ دابوو تاکوو سازەندەگیی خۆیان بەرەوپێش ببەن!

ئەم کردەوە تێروریستییە دەوڵەتییانە کە لەنێو سنووری ئورووپادا دەکران، بە هەماهەنگی وەزارەتی بازرگانیی ڕێژیم کە خۆی بەشێک لە قەرارگای خاتەم بوو دەکرا، واتە ڕێژیم بە باجی قورسی بازرگانی وەکوو بەرتیل بەشێک لە دەوڵەت و حیزبە ئورووپاییەکانی بێدەنگ دەکرد و لە کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆی لە خاکی ئەواندا بەردەوام دەبوو. لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتیش بە دروستکردنی قەیرانی شوناس لەلایەک و بڵاوکردنەوەی هەموو جۆرە مادەی هۆشبەرێک لەلایەکی دیکە پەرەی بە دیاردەی ماڵوێرانکەری ئیعتیاد دەدا و کە‌ ئەم پلانە نگریس و گڵاوە لە دەوڵەتی دووهەمی ڕەفسەنجانیدا گەیشتە لووتکەی خۆی.

هەر لە چوارچێوەی ئەم بەناو سازەندەگییەدا و بە هەماهەنگی قەرارگای خاتەم و کۆمپانیای "سپاسەد" کە بەشێک لەم قەرارگایەیە، دەیان و بگرە سەدان تیم دروست کران کە بەداخەوە تا ئێستایشی لەگەڵ بێ کەسانی فریوخواردوو و بەکرێگیراوی بە زاروزمان کوردیش هاوکارییان دەکەن و چەشنی جرج و مشک و گۆڕهەڵکەنە هەموو سووچ و قوژبنێکی خاکی کوردستانیان داوەتەوە بۆ دۆزینەوەی ئاسەواری مێژوویی میللەتەکەمان. ئەم تاڵانی ئاسەوار و میراتە دیرۆکییانەی کوردستان، لە درێژەی کاری ناتەواوی ڕێژیمی پەهلەویدا ئەنجام دەگرێت؛ لەم پرۆژەیەدا سیستمی تۆتالیتاری تاران، بە تێرۆری ڕێبەرانی کورد و موعتادکردنی بە لێشاوی گەنجان و دزینی ئاسەواری مێژوویی کوردستان دەیهەویست شوناس و ناسنامەی کوردی بسڕێتەوە.

دوای کیمیابارانی گەنجانی کورد بە هەموو جۆرە مادەی سڕکەر، لە فازێکی دیکەدا پەلاماری گەنج و زێڕ و مەعدەن و کانەکانی خاکی کورد درا؛ لە تیکابی هەوشار دوو سەرداری سپا بە ناوەکانی "عەلی کولاهدووز ئیسفەهانی" و "عەباس ئەحمەدی نیری" بوون بە بەرپرسی کانە‌ زێڕەکانی زەڕشۆران و ئاغدەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵیی ئەو شیرکەتانە ۴۰ لە سەدی زێڕی ئێران لە تیکابدا بەرهەم دێت، کاتێک ڕاستی و دروستی ئەم ئامارە تووشی گومان و لێپرسینەوە بوو زانرا بە قەد ڕێژەی ئەو‌ زێڕە کە گوزارش دراوە ئەوەندەش دزراوە و بنەماڵەکانی کولاهدووزی و نەیێری لە وڵاتی کەنەدا ئیمپراتورییێکی ماڵییان پێ ساز کردوە.

بەشی خەڵکی کوردی دانیشتووی تیکاب لەم دارایی و سەروەتە تەنانەت کرێکاری مەعدەنەکانیش نەبووە، کاتێک خەڵکی کوردی ئەوێ ئێعترازییان کرد کە بۆچی خەڵکی خۆجێیی بە کرێکار ناگرن، دەستبەسەرکران و ۱۷ کەسیان تووشی حوکمی قامچی و شەلاق لێدان بوون.

ئەمە دۆخێکی تەواو کۆلۆنیالیستیی کلاسیکە کە دەکرێ لە جەنگی تریاک تا بە کۆیلەکردنی تێدا ببینرێت؛ بەڵام بوونی سەم و ژاری وەکوو ئارسنیک ئەم دۆخەی بۆ کوردستان کارەساتبارتر کردووە، هەمووی ئەو ژار و سەمە کە لە پرۆسەی بەدەستهێنانی زێڕ دروست دەبێ دەچێتەوە ناو سەرچاوە ئاوییەکان و بووەتە سۆنامی نەخۆشی شێرپەنجە لە کوردستان.

ڕاپۆرتە پزیشکییەکان باس لە قەیرانێکی گەورەی تەندروستی و لەنێوچوونی بەئەنقەستی ئینسانی کورد دەکەن؛ منداڵی کورد لە سکی دایکیدا تووشی سەرەتانی ئێسک دەبێ و لەگەڵ هاتنە دنیای پەیوەندی ئێسکی بۆ دەکرێ. چاوی داگیرکەر دیمەنی کوردی موعتادی سەرشۆڕ تێری ناکات و دەیهەوێ کورد لەگەڵ لەدایکبوونی بە فەلەجی و نەخۆشی ببینێت؛ ئەم سەرەتانە ئێستعمارییە ئاژەڵ و پەلەوەریشی گرتوە و سەدان نموونە لە مەرگی مەڕ و ماڵاتی خەڵک بینراوە.

لە درێژەی ئەم کاولکارییانە و لە تۆڵەسەندنەوە لە میللەتی چاونەترس و نەبەزیوی کورد، ئەمجارەیان ڕێژیم دەیهەوێ تەواوی زەڕینە‌ و سیمینە بەم ژارە پیس بکات، کانگا زێڕەکانی قوروە و سەقز کە بە سەرمایەیەکی زەبەلاح لەلایەن سپا و هولدینگی سپیکەرەوەی پووڵی نامەشرووع واتە "شەستا" پەرەی پێ دەدرێ بۆ ئەم کارەیە.

ئەم ڕاستییانە وا دەکات کە بڵێین دەبێ میللەتەکەمان لە ڕۆژهەڵات لە خەڵکی خۆڕاگر و قارەمانمان تا ئەوانەی بوونەتە داردەستی بێگانە و هاوکاری  بکوژەکان دەکەن، ئاگادار بن ئەمە باسی مان و نەمانی خاک و نەتەوەکەمانە، ئەم پرۆژە ئێستعمارییە هیچ بەزەییێکی تێدا نیە و بەر لە هەمو‌و کەس، ماڵ و منداڵی کەسانی بەکرێگیراو دەگرێتەوە کە جگەرگۆشەکانیان تووشی نەخۆشی سەخت و کوشندە دەبن.

ئەوان وەکوو داگیرکەر و تاڵانچیی لێرە نابن، ئەوان هەزاران هەزار مڵک و ماڵیان بە ماڵی دزییەتی ئێمە لە باشترین وڵاتەکانی جیهان سەندووە و نەک "گرین کارت" بگرە بەلاشترین شت لایان "گوڵدێن کارت"ە.

کوردستان سەلماندوویەتی کە دەکوژرێ، ئەشکەنجە دەدرێ ، زیندان دەکرێ، هەژار و برسی دەبێ بەڵام قەت تەسلیم نابێ و شکست ناخوات. با ئەوەی هەڵگری ڕۆحی میللی کوردییە خۆی بە خاوەنی خاک و گەنجی خۆی بزانێت و ماڵی خۆی بە پارەی سووکی خومەینی‌نیشان نەفرۆشێت، خاوەنداریەیی کردن لە خاک و زێڕ و ئاو و چیا و دارستانی کوردستان لەم ساتەوەختە هەستیارەدا ئەرکی نەتەوەیی تاک بە تاکمانە؛ بێدەنگ بوونیشمان بە دڵنیاییەوە واتە ژینۆسایدی بە کۆمەڵمان بۆیە دەڵێین کوردستان پێویستی‌ بە "نا"یەکی سەرکەشی ترە.