کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکەوتنی گەندەڵیی چەند میلیاردیی جەعفەر تەوان، مۆرەی سەرکوتکەری ڕێژیم لە سەقز

19:35 - 8 جۆزەردان 2725

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، جەعفەر تەوان، فەرمانداری پێشووی شاری سەقز و یەکێک لە مۆرە سەرەکییەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتی خەڵکی ئەم شارە، بەهۆی گەندەڵیی ماڵییەوە، دۆسییەی دادوەریی بۆ کراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەم ناوەندەی ڕاگەیاندووە کە جەعفەر تەوان، دۆسییەکی دادوەریی بۆ کراوەتەوە کە باس لە دزی و گەندەڵیی چەند میلیاردیی ناوبراو لە کاتی بەرپرسایەتیی ٣٤ مانگەی لە سەقزدا دەکات.

بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لەم گەندەڵییە سەبارەت بە بڕە پارەیەکە کە لەلایەن شیرکەتێکی سەرچاوە سروشتییەکانی سەقزەوە ڕادەستی تەوان کراوە تاکوو بۆ مەبەستی گەشەدان بە پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم شارە کەڵکی لێ وەربگیرێت، بەڵام ناوبراو پارەکەی بۆ خۆی هەڵگرتووە.

یەکێک لە سەرچاوە میدیاییەکانی شاری سەقز بەبێ ناوهێنان لە جەعفەر تەوان لەم پێوەندییەدا نووسیویەتی: "ئەم بەرپرسە پێشووە تاکوو ئێستا چەند میلیارد لە پارەکەی ڕادەستی ئەم شیرکەتە کردووەتەوە کە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت خەرجی قوتابخانە و ناوەندە دەرمانییەکانی ئەم شارە بکرێت".

سەرەڕای ئەمانە هێشتا چەند میلیارد تمەن لەم پارەیە و هەروەها گەندەڵیی دیکەی تەوان لە کاتی بەرپرسایەتییەکەیدا، ڕادەست نەکراوەتەوە و چاوەڕێی ئەوە دەکرێت کە دۆسییەکەی لێکۆڵینەوەی زیاتری بۆ بکرێت.

جیا لە بابەتی گەندەڵی و بەڕێوەبەریی ناکارامەی جەعفەر تەوان لە کاتی بەرپرسایەتییەکەدا و قەرزداربوونی فەرمانداری بە پەیمانکاران و کرێکاران، چڕبوونەوەی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و هەروەها بەرەوپێشبردنی پیلانگێڕییەکانی ڕیژیم لەم شارە لە سەردەمی بەڕێوەبەریی ناوبراودا بابەتێکی دیکەیە.

لە کاتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە شاری سەقز، تەوان لەلایەن ڕێژیمەوە ئەرکدار کرابوو کە بە توندترین شێوە خۆپیشاندەران لەم شارە سەرکوت بکات و یەکەمین برینداری بزووتنەوەکە بە ناوی "کیان درەخشان"، لە بەردەم فەرمانداریی سەقزدا و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان و بە فەرمانی جەعفەری تەوان، بریندار کرا.

تەوان دواتر لە پیلانێکی دیکەی ڕێژیمدا لە هەوڵدا بوو تاکوو بە هاوکاریی شارەوانیی سەقز، گڵکۆی شەهید ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچی تێک بدات کە بە وشیاریی خەڵک پیلانەکەی بۆ جێبەجێ نەکرا.

کیان درەخشان، فەرەیدوون ئەحمەدی، ئاریا مەجیدپوور، کامیار حەیدەری، محەممەد زەبێحی، ئەهوەن هووشمەند، ڕێباز ڕەزایی، سرووش عەباسی، شۆڕش تەڵایی و ئارام بەدیعی، تەنیا بەشێکن لەو کەسانەی کە بەهۆی سەرکوت بە فەرمانی جەعفەری تەوانەوە، بوونەتە قوربانی.