کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: مانگرتنی سەرتاسەریی کامیۆنداران لە بەرینترین شێوەکانی بەرخودانی مەدەنی لە بەرانبەر سەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامییە

16:46 - 9 جۆزەردان 2725

کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی بەربڵاو و سەرتاسەریی کامیۆنداران لە شارەکانی کوردستان و ئێران، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

مانگرتنی بەرین و سەرتاسەریی کامیۆنداران کە لە کۆتاییەکانی مانگی بانەمەڕدا دەستی پێ کرد، ئێستا زیاتر لە ١٦٠ شاری ئێرانی گرتووەتەوە.

ئەم ناڕەزایەتییانە دژکردەوەیەک بە دۆخی نالەبار و دژواری بژێو و وڵامدەرنەبوونی دەوڵەت بە داخوازییە سێنفییەکانی ئەم گرووپە خەسارهەڵگرەی کۆمەڵگەیە. ئەم مانگرتنانە ئێستا بوونەتە هەوێنی یەکێک لە بەربڵاوترین ناڕەزایەتییە سێنفییەکان و یەکێک لە بەرینترین شێوەکانی بەرخودانی مەدەنی لە بەرانبەر سەرەڕۆیی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامی.

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی پانتایی جۆگرافیایی ئەم ناڕەزایەتییانە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان ڕوانگەی هەمیشەیی سەرکوت، دەسبەسەرکران و هەڕەشە لە مانگرتووانیان لەبەر گرتووە. بەیاننامەی سەندیکای کامیۆنداران و شۆفێرانی سەرتاسەری ئێران، بەدروستی دەسبەسەرکران و هەڕەشە لە مانگرتووانی بە نیشانەیەک لە "دەستەوەستانیی حکوومەت لە بەرانبەر شەپۆلی خرۆشاوی دادخوازی"ی خەڵکی وەزاڵەهاتوو زانیوە.

ئێمەش وێڕای پشتیوانیی تەواو لەم مانگرتنانە، هیوادارین باقی گرووپەکانی کۆمەڵگە بە تەنیا بەجێیان نەهێڵن.

مستەفا هیجری

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی

٣٠ی مەی ٢٠٢٥ی زایینی