کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی گەڕان بۆ بێسەروشوێنانی تەقینەوەکە؛ دەیان کرێکار بێسەروشوێن ماونەتەوە

11:27 - 14 بانەمەڕ 2725

هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیی بنەماڵەی بێسەروشوێنانی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی، ڕێکخراوی مانگی سووری پارێزگای هورموزگان، شەوی ڕابردوو ١٣ی بانەمەڕ، کۆتایی ئۆپەراسیۆنی گەڕان بۆ بێسەرشوێنانی ئەم ڕووداوەی ڕاگەیاند.

بەپێێ ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، پێوەندییەکانی مانگی سوور لە پارێزگای هورموزگان ڕایگەیاندووە کە ماوەی دوو ڕۆژە هیچ ئاسەوارێک لە قوربانییانی تەقینەوەکە نەبینراوە و بەم پێیە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ستادی قەیرانی پارێزگاریی هورموزگان، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاکەوتن کۆتایی پێ دێت.

ئەم ڕاگەیەندراوە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی ڕابردوو بنەماڵەی نزیک بە ٤٠ کەس لە بێسەروشوێنانی تەقینەوەکە بە هەڵگرتنی وێنەی ئازیزانیان لە بەر درگای چوونەژوورەوەی بەندەرەکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوایان لە بەرپرسان کرد کە تەرمی ئازیزەکانیان ڕادەست بکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی "پەیامێ ما" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بێسەروشوێنبوونی دەیان کرێکاری بەلووچی بێ ناسنامە لەم ڕووداوە کردووە کە هیچکەس بە دوایاندا ناگەڕێت.

ڕاپۆرتەکە لە زاری یەکێک لە کرێکارانی بەلووچ لەم بەندەرەوە نووسیویەتی: "تەنیا خوا دەزانێت کە چەند کرێکاری بەلووچ کاتی تەقینەوەکە لە نێو کانتینێرەکاندا بوون".

ئەم کرێکارە بۆ "پەیامێ ما"ـی زیاد کردووە کە پەیمانکارێک ڕایگەیاندووە ٢٠ کەس لە کرێکارەکانی کە هاووڵاتیی بەلووچ بوون، دیار نەماون و بێشەروشوێنن بەڵام ناوێرێت کە ڕایبگەیەنێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم کرێکارانە بە شێوەی ڕۆژانە لە بەندەرەکەدا کاریان کردووە و نە ناسنامەیان هەیە و نە لە هیچ شوێنێکی بەندەرەکەدا ناویان تۆمار کراوە.

بەپێی زانیارییەکان نزیک بە سەد هەزار کەس لە پارێزگای بەلووچستان بێ ناسنامە ماونەتەوە و کۆماری ئیسلامی ناسنامەی ئێرانییانی بۆ دەرنەهێناوە.