
پەیامی ناوەندی منداڵپارێزی نێرگز بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵان
بە بۆنەی ای ژوئەن ڕۆژی جیهانی منداڵان، بەوپەڕی ڕێز و هەستکردن بە گرینگیی ژیان و داهاتووی منداڵان، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی منداڵانی نیشتمانەکەمان دەکەین و هیوادارین ئەو دۆخە نالەبارەی کە لە ژێر سێبەری ڕەشی کۆماری ئیسلامیدا بۆیان ساز بووە، کۆتایی بێ و منداڵانیش وێڕای هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە ئاسوودەیی بژین.
منداڵە خۆشەویستەکان!
ئەم ڕۆژە، کە لە جیهاندا بە ناوی ڕۆژی جیهانیی منداڵان دەناسرێ، هاندەرە بۆ ئەوەی هەموومان لە کۆمەڵگەدا هەوڵ بۆ پێداچوونەوە، ڕەخنەگرتن و گرنگیدان بە یەکێک لە بەرزترین ئەرکە مرۆییەکان، کە پاراستن و گەشەکردنی منداڵانە بدەین.
بەداخەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی سیاسەتی سەرکوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و کولتووری نەتەوەی باندەست، دەسەڵاتی ناکارامە و خۆسەپێن، منداڵان بە سەختی ژیانیان تێپەڕ دەکەن و لە مەترسی، بێئاسایشی و بێئایندەییدا دەژین و یاساغبوونی پەروەردە بە زمانی دایکی، کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی گەشەی ڕۆشنیرییان دادەنێ و لەم ڕووەوە ڕووبەڕووی بنەڕەتیترین و لە هەمانکاتدا سەرەتاییترین بێمافی دەکرێنەوە.
منداڵانی ڕۆژهەڵات بە ئازارەوە ژیان تێپەڕ دەکەن و تەنانەت زۆر جاریش بەپێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە منداڵان، لە لایەن دامودەزگا سەرکوتگەرەکانەوە دەستگیر دەکرێن و ڕاپێچی زیندان دەکرێن.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان منداڵان لەبەر دۆخی سەختی گوزەرانی ژیانی بنەماڵەکانیان، کار دەکەن و تەنانەت ڕوو لە کاری قورس و تاقەتپڕوکێنی کۆڵبەری دەکەن. بە چەشنێک کە "منداڵانی کۆڵبەر" بۆتە دیاردەیەکی زەق لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەمەش نیشانەی ئەوپەری بێمافی و بێبەشیی منداڵانی ڕۆژهەڵاتە. هەروەها ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکانیان لە زینداندان، لە دۆخێکی دژواردا دەژین و نەهامەتییەکانیان چەند قاتە.
ئێمە وەک ناوەندی منداڵپارێزی نێرگز گەشبینین بەوەی ئەو ڕۆژە دێت کە منداڵانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە نیشتمانی ڕزگارکراوی خۆیاندا، بەدوور لە بێمافی و لە کەشێکی شایستەدا، ژیان ببەنە سەر.
پەیاممان ئەمەیە:
ناتوانین جیهانی ئازادمان هەبێت، ئەگەر منداڵەکانمان لە قەفەزی ترس و بێمافیدا بژین؛ ناتوانین کۆمەڵگەیەکی سەقامگیرمان هەبێ، ئەگەر منداڵان قۆناغی منداڵیی خۆیان بە ئاسایی تێپەڕ نەکەن؛ چونکە ئەگەر نیازەکانیان بەراوردە نەبن، تاکی کێشەدار دروست دەبێ و سەرئێشە لە کۆمەڵگەدا دروست دەبێ.
جارێکیتر پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی منداڵان لە هەموو منداڵانی کورد بەگشتی و منداڵانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی دەکەین؛ ئەوانەی کە مایەی جوانیی ژیان و سەرمایەی دواڕۆژ و بەڕێوەبەران و کارگێڕانی داهاتووی وڵاتن.
بە دروشمی ژیان، خوێندن و ئازادی بۆ منداڵان، بەرەو ئاسۆ هەنگاو دەنێین و هیوادارتر لە جاران بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەختەوەر کە تێیدا منداڵان منداڵیی خۆیان بکەن و لە هەموو ئیمکاناتی پێویست بەهرەمەند بن، تێدەکۆشین.
بەڕێوەبەریی ناوەندی منداڵپارێزی نێرگز
١ی ژوئەنی ٢٠٢٥