کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر ژێرخانەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان

10:50 - 10 جۆزەردان 2725

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی نیزامی لە سەرانسەری لوبنان، کە سەر بە میلیشیاکانی حیزبوڵڵا بووە.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی جۆزەردان، ئەرتەشی ئیسرائیل ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەو ئامانجانە کرد و ئیدعای ئەوەی کرد بەشێک لە ژێرخانی چەکی تێرۆریستی لە ناوچەی سیدون بوون.

لە بەیاننامەکەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا ئیدعای ئەوە کراوە کە ئەم گرووپە میلیشیایە کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی دەکات، هەوڵی دووبارە بونیادنانەوەی بوونی خۆی لەم ژێرخانانەدا دەدات.

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر بنکە نیزامییەکانی دیکەی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان کە شوێنی موشەک و مووشەکهاوێژن.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە بوونی چەک و چالاکیی حیزبوڵڵا لەو ناوچانە پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتنەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنانە.

لە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٣ـەوە ئاگربەستی فەرمی لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵادا هاتووەتە ئاراوە. بەڵام هەردوولا یەکتر بەوەی کە چەندین جار پێشێلکارییان کردووە تۆمەتبار دەکەن.

بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست، حیزبوڵڵا بەڵێنی داوە هێزەکانی لە باکووری ڕووباری لیتانی کە نزیکەی ٣٠ کیلۆمیتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە بکشێنێتەوە و ژێرخانی سەربازیی خۆی لە باشووری لوبنان هەڵبوەشێنێتەوە. ئیسرائیلیش ئەرکدار کراوە هێزەکانی لە ناوچەکانی باشووری لوبنان بکشێنێتەوە.