
دوای دە ڕۆژ لە دەسپێکی مانگرتنی سەرتاسەریی شۆفێرانی بارهەڵگر، نەک هەر بچووکترین وڵام لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە بە داواکارییەکانی ئەم گرووپە نەدراوەتەوە، بەڵکوو گرتن و هەڕەشە و هەڵسوکەوتی ئەمنی وەک تاکە وڵامی ڕێژیم بۆ ئەم ناڕەزایەتییە خراوەتە بەرنامەی کارەوە.
ئەم مانگرتنە کە لە ١ی جۆزەردان بە ئامانجی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی بژێوی ژیان لەوان زیادکردنی کرێ و کەمکردنەوەی تێچووی سووتەمەنی، بیمە و ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە بارودۆخی سەختی ڕێگاوبانەکان دەستی پێ کرد و ئێستا بەپێی ڕاپۆرتی یەکیەتیی ڕێکخراوەکانی شۆفێرانی بارهەڵگر و شۆفێرانی سەرتاسەری ئێران، ئەو مانگرتنە زیاتر لە ١٥٠ شاری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای کەشی توندی ئەمنییەتی بە شێوەیەکی بەهێز بەردەوامە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی هێرانا، تا ئێستا لانیکەم ٢٠ شۆفێری ناڕازی و ئەو هاووڵاتییانەی کە پشتیوانی مانگرتنەکەن لە شارە جیاجیاکان دەسبەسەر کراون.
لەنێو ئەوانەیدا کە دەسبەسەر کراون، "سدیق محەممەدی" لە سنە و "شەهاب دارابی" لە ڕۆژئاوای ئیسلام ئاباد کەسایەتیی ناسراوی ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنە سەرتاسەرییەن.
لە پارێزگا جیاوازەکاندا، دامودەزگا سەربازی و ئەمنییەکان، وەکوو سپای پاسداران و پۆلیس، بە فەرمی دەستگیرکردنی تاکەکانیان بە تۆمەتی وەک "بوختان"، "ناردنی ڤیدیۆ و وێنە بۆ میدیای بیانی" و "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی"، وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقین بە مەبەستی بێدەنگکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان خستووەتە گەڕ.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە میدیاکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێیان لە دەسبەسەرکراوەکانەوە بڵاو کردووەتەوە، ئەمەش نەک هەر پێچەوانەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤە، بەڵکوو نیشانەیەکی ڕوون بۆ وڵامنەدانەوە بە داواکارییەکانی سەندیکاکان و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پشتیوانیی گشتی بۆ مانگرتنی بارهەڵگرەکان ڕۆژانە بەرفراوانتر دەبێت و مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران و چینە زیانلێکەوتووەکانی دیکەی کۆمەڵگە بە بڵاوکردنەوەی پەیام، هاوسۆزیی خۆیان لەگەڵ ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییە دەردەبڕن.
هەروەها ڕۆژی هەینی ٩ی جۆزەردان، ١٣ زیندانیی سیاسی لە زیندانی ئێڤین لە ڕاگەیەندراوێکی ڕووندا پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو مانگرتنە دەربڕی و ڕایانگەیاند: لەگەڵ شۆفێرانی بارهەڵگرەکان وەستاوین بۆ ئەوەی لەسەر ئەم ڕێبازە دادپەروەرییە سەرفراز بین.
ڕێژیمی ئیسلامی بە مشتێکی ئاسنین وڵامی داخوازییەکانی خەڵک دەداتەوە، لە کاتێکدا کە قەیرانی بژێوی ژیان لە ئێران بەرەو خراپتربوون دەچێت و بەرپرسانی ڕێژیم لە جەختکردنەوە لەسەر سیاسەتی سەرکوت، گرتن و گوشارهێنان بەردەوامن.