کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە سینەمای مایەپووچ پێشمەرگە خەوشدار نابێ

11:03 - 10 جۆزەردان 2725

 بە سینەمای مایەپووچ پێشمەرگە خەوشدار نابێ

برایم چووکەڵی

 هەموو شۆڕش و بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی ڕاستەقینەی نەتەوەیی یان کۆمەڵایەتی لە ڕێگای دابینکردن و بەرژەوەندی گشتیی جەماوەرەوە دانراوە؛ هەر ئەمەشە وای کردووە تا ئێستەش خەڵکی کوردستان شۆڕش بە هی خۆیان بزانن و بە هەموو شێوەیەک بۆ بەهێزکردنی یارمەتیدەر بن.

نهێنی ئەوەیکە زۆرکات نەتەوەیەکی وەک کورد بە ئیمکاناتێکی کەمەوە، لەگەڵ دوژمنێکی غەدار و پۆشتەو‌پەرداخ بەربەرەکانێ دەکات و دوای خەباتێکی سەخت و خوێناوی سەرەنجام دوژمن بە چۆکدا دێنێت، لە دوو بنەمای سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرێ: یەکەم، داواکارییەکانی ئەو نەتەوەیە لەگەڵ جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ یەکانگیرە؛ واتە لەگەڵ میساقە نێونەتەوەییەکاندا ناتەبا نییە و دووهەم، بوونی هێزی پێشمەرگەیە کە هەرکاتێک بە پێویست بزانرێ بۆ هەر شوێنێک بگوازرێتەوە و جووڵە بکا هیچ هێزێک ناتوانێ شکستی بدا و لە مەیدانی وەدەر بنێ.

لەو نێوەدا رێژیمی ڕیاکار و ئاژاوەگێڕی کۆماری ئیسلامی بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی لە ئێران و خەوشدارکردنی سیمای ڕاستەقینەی شۆڕشگێڕانی کورد کە بە پێشمەرگە دەناسرێ و ئەمڕۆکە سیمبۆلی بەرخۆدان و بەربەرەکانێ لەگەڵ نادادپەروەرییە، ناوەناوە لەڕێگەی ئیمکاناتی میدیایی خۆیەوە کە بەهێزترینیان سینەما و تی‌ڤییە، هەوڵ بۆ شێواندنی مێژوو و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بەتایبەت نەسڵی ئەوڕۆ دەدات.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران فیلمێکی بەرهەم هێناوە بە ناوی "پێشمەرگە"، لە دەرهێنەری کەسێک بەناوی عەلی غەفاری و ئامادەکردنی ئارشی زەینەڵ خەیری. ئەو فیلمە گێڕانەوەی بەشێک لە ژیانی پاسدار سەعید قەهاری دوای دەورانی شەڕە. ئەو لە دوای ساڵی ١٣٥٨ لە ڕووداوەکانی شاری پاوە شانبەشانی چەمرانی جینایەتکار بەشداری کردووە و دواتر شانبەشانی پاسدار ئەحمەد موتەوەسلیان و ئەحمەد کازمی و کەسانی دیکە لە عەمەلیاتی جیاوازدا لە کوردستان جینایەتی خوڵقاندووە کە دواتر لە ساڵی ٨٥ی هەتاوی هەر لە کوردستان کوژرا.

دەرهێنەر لەو فیلمە‌دا دەیهەوێ ناوی بەرزی پێشمەرگە بۆ نەسڵی ئێستای ئێران بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی ناشایست و ناشیرین پیشان بدات. ئەو کەسانەی لە نێو فیلمەکەدا ڕۆڵی پێشمەرگە دەگێڕن بە کەسانی بکوژ، ڕێگر، جنایەتکار و چەتە پیشان دراون، کە وەک پێشبینی دەکرا لانیکەم لە کوردستاندا خەڵک ئامادە نەبوون کاتی خۆیان بە فیڕۆ بدەن بۆ چاوکردن لەم فیلمە پڕچەواشە.

هەر ئەم پێشوازی‌نەکردن و چاولێنەکردنەش وای کردووە کە ئێستا دەرهێنەری فیلمەکە دەنگی لێ بەرز بووەتەوە و دەڵێ تێچوویەکی زۆری بۆ سازکردنی کردووە بەڵام بێ‌بینەر ماوەتەوە.

ڕێژمی کۆماری ئیسلامی بۆ بەدناوکردنی ناوی پێشمەرگە بە درێژایی تەمەنی نگریسی خۆی زۆر فیلمی دیکەی لەم چەشنەی سازکردووە؛ فیلمگەلێک وەک: فیلمی کانی مانگا لە ساڵی ١٣٦٦، فیلمی "گلها وگلولەها" سالی ١٣٧٠، فیلم "شور‌وشیرین" لە ساڵی ١٣٨٨ و چەندین کورتەفیلمی بێ بنەمای دیکە؛ تەنانەت کار گەیشتە شوێنێک کە ڕێژیم لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ ئەوەی بتوانێ هێزە خۆفرۆشەکان لە کوردستان لای خۆی ڕاگیر بکات لە شاری سنە، کە شوێنی سەرهەڵدانی دەیان حەماسەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بە تێچوویەکی سەرسووڕهێنەر بەڕێوە ببات کە تێیدا کەسانێکی وەک سه‌رۆکی مه‌جلیسی شوورای ئیسلامی، سه‌رۆکی به‌سیجی موسته‌زعه‌فین و نوێنه‌ری خامنه‌یی رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی و ژماره‌کی دیکه‌ له‌ به‌رپرسانی حکوومه‌تی لەم‌ شارە بەشدار بوون.

کۆبوونه‌وه‌که‌ که‌ ناوی “کۆنگره‌”ی له‌سه‌ر دانرابوو بۆ ڕێزگرتن له‌و جاشانه‌ پێک هاتبوو که‌ له‌ ریزه‌کانی سوپای پاسداراندا بۆ سه‌رکوتی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی کوردستان به‌شدار بوون و کوژرابوون. ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ ده‌نگ و ده‌هۆیه‌کی زۆره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ چوو، له‌ کاتێکدا به‌سترا که‌ مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ جیهاندا  زیاتر له‌ هه‌ر کات بووە جێی سه‌رنجی بیروڕای گشتی و ته‌نانه‌ت بووە مه‌سه‌له‌یه‌کی‌ نێوده‌وڵه‌تیش. به‌ڕێوه‌بردنی به‌ناو کۆنگره‌ بۆ جاشه‌ کوژراوه‌کان له‌ ژێر ناوی "پێشمه‌رگه‌ی موسوڵمان"دا ئەویش ئامانجێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ خه‌وشدارکردنی ناوی پیرۆزی “پێشمه‌رگه‌”، ناوێک که‌ که‌وتۆته‌ نێو ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی جیهانیان و ئەوڕۆکە وه‌ک سه‌مبۆلی ئازادیخوازی و نه‌یاری دیکتاتۆری و ملهۆڕی پێناسه‌ی بۆ کراوه‌.

لەم ڕاستایەشدا پڕئاشکرایە کە گرینگترین فاکتەری سەرکەوتن بەدوای هاتنی داعش‌ و ڕاکێشانی سەرنجی زلهێزەکان بەلای خۆیدا، ئەوە ناوی پێشمەرگە بوو کە لە سەرتاسەری جیهان ناووناوبانگی دەرکرد.

لە ئاستی ناوخۆییشدا واتە لە جوغڕافیای کوردستان ئەوەندە بەسە کە ئاوڕێک لە نەورۆزی ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بدەینەوە؛ نەورۆزی خاکیپۆشان کە تێیدا خەڵک جل‌وبەرگی خاکی ڕەنگیان لە بەر کرد و جامانەیان لە مل ئاڵاند کە ڕەمزی خۆشەویستییان بوو بۆ پێشمەرگەی کوردستان.

لای خەڵکی کوردستان پێشمه‌رگه‌ که‌سێکە که‌ له‌ پێناو بیروباوه‌ڕ و ئامانجه‌ ئینسانییه‌کانی نەتەوەکەیدا له‌ گیان و ماڵی خۆی مایه‌ داده‌نێ و له‌ هه‌لومه‌جی سه‌خت و دژواردا له‌ په‌نا نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی کە هەر ئەمەشە توانیویەتی پیلانە یەک لەدوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی و یەک لەوان سینەما پرچەواشەکەی تووشی شکست و مایەپووچبوون بکات.

کۆتاقسە لەم دەرفەتەشدا دەتوانێ ئەوە بێت کە ئەگەر پێشمەرگە تا بە ئەمڕۆ توانیویەتی بەسەر کەندوکۆسپەکانی سەر ڕێگەی خەبات سەرکەوێ ئەو کەتوار و ڕاستییەیە کە خەڵکی تێکۆشەرو قارەمانی کوردستان هەمیشە پشت‌ و پەنای پێشمەرگە‌ بوون و ئەمەیان بە ئەرکێکی بنەڕەتی بۆ خۆیان زانیوە و هەر ئەم پێوەندییە دینامیکەشە کە دژمنی هەمیشەیی کورد لێی تۆقیوە.