
بەرەی یەکگرتووی کورد بە مەبەستی پشتیوانی لە مانگرتنی کامیۆنداران بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:
مانگرتنی سەرتاسەریی کامیۆنداران لە کاتێکدا دەچێتە حەفتەی دووهەمی خۆیەوە کە بەرپرسانی پێوەندیدار کەمترین دژکردەوەیان بە داواکارییەکانی ئەم چینە زەحمەتکێش و کاریگەرە لەسەر دۆخی بژێوی ژیانی خەڵک، نیشان نەداوە.
داواکارییەکانی کامیۆنداران ویست و خواستێکی بە تەواوەتی بەرحەقن کە پێویستیان بە بەدواداچوونی خێرا هەیە. ئەوان جیا لەو کێشە و ئاریشانەی کە بەرۆکی گرتوون، وەک باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، لەژێر گوشاری چەند لایەنەی گرانی، هەڵاوسان، بەرتیل خواردن، گەندەڵی، ڕانت و ...دان کە گوشاری بۆ هێناون، بۆیە پەنا بۆ مانگرتن و دەستلەکارکێشانەوە دەبەن کە بە هۆی ئەم مانگرتنەوە کێشەکانی بژێو زیاتر گوشاریان بۆ دێنێ.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پانتایی ئەم مانگرتنە بەرینتر دەبێتەوە و پشتیوانیی باقی گرووپ و توێژەکانیشی بەدوادا دێت و ئاشکرایە کە کاریگەرییەکانی ئەم چەشنە جووڵە بەرحەق و ڕەوایە پەرە بە گرانی و هەڵاوسان دەدات و بژێوی خەڵک لەگەڵ کێشەی زیاتر و جیددی تر بەرەوڕوو دەکاتەوە.
بەداخەوە بەرپرسانی پێوەندیداری دەوڵەت، لە جیاتی ڕێگەچارە و بیرکردنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هەوڵدان بۆ وڵامدانەوەی داواکارییەکان، هەروەک ڕابردوو بە لەبەرچاونەگرتن و خۆپەڕاندنەوە و لە کۆتاییدا هەڵسوکەوتی بەدوور لە پرەنسیپ، ئەمنیەتی و یاسایی، لەگەڵ ئەم کیشەیە بەرەوڕوو دەبنەوە.
بەرەی یەکگرتووی کورد بە تێگەیشتن لە دۆخی هەنووکەیی وڵات و بەتایبەت دۆخ و کێشەی کامیۆنداران و شۆفێرانی بەڕێز و ئاگاداربوون لە کێشەکان و دژوارییەکانی ئەم مانگرتنە لەسەر دۆخی بژێوی ژیانی خەڵک، وێڕای پشتیوانیی بێ ئەملاوئەولا لە داواکارییە بەرحەقەکانیان، بەرپرسایەتیی ئاسەوارەکانی ئەخاتە ئەستۆی حکوومەت و چاوەڕوانە کە بۆ یەک جاریش بووە ڕوانگەی هەڵە و هەڵسوکەوتی ئەمنیەتی و یاسایی وەلا بنێت و بە زیرەکی و تێگەیشتن و لە ڕووی عەقڵەوە، بیر لە چارەسەری لۆژیکی و بنەڕەتی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییە و باقی ناڕەزایەتییەکان بکاتەوە.
بەرەی یەکگرتووی کورد
٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤