
بەردەوامیی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی بەرچاوی بارانبارین لە ساڵانی ڕابردوودا پارێزگای ورمێی لەگەڵ یەکێک لە قەیرانە هەرە مەترسیدارەکانی کەم ئاوی بەڕەوڕوو کردووەتەوە.
قەیرانێک کە کاریگەریی لەسەر ژیانی زیاتر لە ٦٠٠ گوند هەبووە و مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی ئاو، کشتوکاڵ و بژێوی ژیانی خەڵکی ئەم پارێزگایەیە.
لە زۆرێک لەو گوندانەدا ئاوی خواردنەوە بە شێوەیەکی زۆر کەم بووەتەوە و بەشێک لە ماڵەکان ناچار بوون ئاو لە ڕێگەی تانکێر بەدەست بهێنن.
مەجید ڕەستگاری، بەڕێوەبەری شیرکەتی ئاوی ناوچەیی ورمێ ڕایگەیاندووە، قەبارەی ئاوی بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە بە ڕێژەی ٣١ لەسەد کەمی کردووە و دەڵێت: "ئەو ئاوەی لە بەنداوەکانی پارێزگاکەدا بەردەستە تا ٣٠ی بانەمەڕ ئەمساڵ ٩٥٨ ملیۆن میتری سێجایە، لەحاڵێکدا کە ئەو ڕێژەیە لە ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوو هەزار و ٣٨٢ ملیمیتری سێجا بووە.
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ڕەوتی دابەزینی بارانبارین لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا و زێدەڕۆیی لە دەرهێنانی سەرچاوە ئاوییەکان، هاوسەنگیی سروشتی ناوچەکەی تێک داوە.
کەمبوونەوەی بەرچاوی بارانبارین، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، وشکبوونەوەی کانیاوەکان و بەڕێوەبەریی ناکارامەی سەرچاوە ئاوییەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی دۆخی ئێستان.
پارێزگای ورمێ لەم ساڵانەی دواییدا لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی کەمیی ئاو و وشکەساڵیدا بەرەوڕوو بووە، بە جۆرێک کە دەریاچەی ورمێ لە لێواری وشکبوونی تەواودایە.