
کەمیی مامۆستایان و بەڵێنەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دابینکردنی مامۆستا بۆ ئەو پۆلانەی کە مامۆستایان نییە، سیستمی پەروەردەی ئێرانی تووشی قەیران کردووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی و تەنانەت خودی بەرپرسانیش لەو بارەوە هۆشداری دەدەن.
لەو بارەوە مۆحسێن بیگلەری نوێنەری خەڵکی سەقز و بانە لە مەجلیسی ڕێژیم وتی، شاری بانە لەگەڵ کێشەی جیددیی کەمیی مامۆستا و شوێنی خوێندن بەرەوڕوویە، هێندێک کەس بە تکاکاری دامەزراون و هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی کارەکانیان، یەکسەر بەدوای نەقڵدا دەگەڕێن و پۆلەکانی بانەش چۆڵ دەبن.
ناوبراو لەسەر پێویستیی گرنگیدانی تایبەت بە باشترکردنی گوزەرانی مامۆستایان جەختی کردەوە، و ڕاگەیاندووە کە مووچەی مامۆستایان زۆر کەمە و لە شارەکاندا بە ئەندازەی کرێی خانوو نییە.
لەو پێوەندییەدا ساڵی ڕابردوو ڕۆژنامەی "پەیامێ ما" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، مامۆستایان لە پارێزگا سنوورییەکان، بەهۆی کەمیی خزمەتگوزاری و بارودۆخی سەخت، کۆچ بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەکەن و لە ئێستادا کەمیی ٣٠٠ هەزار مامۆستا لە ئێران هەیە و ساڵانەش ١٠٠ هەزار مامۆستا لە ئێران خانەنشین دەکرێن.
کەمیی مامۆستا لە ئێران لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا مامۆستایان بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە دۆخی سێنفی و بارودۆخی ژیانیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. بەڵام کۆماری ئیسلامی هەمیشه به دەسبەسەرکردنی چالاکانی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان له هەوڵی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیی مامۆستایاندا بووە.