کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن بە جەماوەری بکرێ، چەکێکی کارایە

11:59 - 10 جۆزەردان 2725

مانگرتن بە جەماوەری بکرێ، چەکێکی کارایە

هەردی سەلیمی

زانایانی زانستی سیاسەت و تێئۆریسییەنەکانی بواری شۆڕش و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، ئەگەر نەڵێن مانگرتن گرنگترین ئەکتی ناڕەزایەتی‌دەربڕانەیە، بێ‌گومان وەک یەکێک لە گرنگترینەکان باسی لێ دەکەن. مانگرتن بە شێوەخەباتێکی کەم‌تێچوو و پڕدەسکەوت دەناسرێ، بەڵام لە ڕاستیدا مانگرتن لە شۆڕشی سەر شەقام پڕتێچووترە، لەگەڵ ئەوەی خەسارێکی ماددی دەگەیەنێ بە بکەرەکانی، ناشتوانن خۆیان لەنێو جەماوەردا بشارنەوە و دیارن؛ هەر ئەمەش دەتوانێ لە بەرامبەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکاندا کێشەی زۆریان لە داهاتوودا بۆ بنێتەوە. بەم حاڵەشەوە لە کوردستان و لە ئێرانیش مێژووی مانگرتن دەگەڕێتەوە بۆ زۆر پێشتر لەوەی کۆماری ئیسلامی بێتە سەر کار. لانیکەم لە پێوەندی لەگەڵ کوردستاندا و لە سەردەمی پەهلەویدا لە شاری مەهاباد جارێک بەبۆنەی سەردانی حەمەڕەزاشای پەهلەوی لەدوای لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و جارێکیش بە بۆنەی شەهیدبوونی سولەیمان موعینی و سووکایەتی بە تەرمەکەی لەلایەن ئەرتەشەوە، ئەو شارە مانگرتنێکی سەداسەدیی بەڕێوە بردوە.

 لە ئاستی ئێرانیشدا نموونەکان زۆرن بۆ مانگرتنی بەتایبەت چینی کرێکار، کە لە دەیەی بیستی هەتاویدا ئەم ئەکتە ناڕەزایەتی‌دەربڕانەیە چووە بواری بەڕێکخرابوونەوە، هەتا ئەو جێیەی ئەم کولتوورە جێکەوتووە لە بەرەبەری سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێراندا زەبری کاری و کوشندەی لە جەستەی لاواز و نەخۆشی دەسەڵاتی پەهلەوی دا.

کۆماری ئیسلامی کە دەسەڵاتێکی پاوانخوازە لەگەڵ بەدەسەڵات‌گەیشتنیدا دەستی بەسەر هەموو یەکیەتی و سەندیکا کرێکارییەکاندا گرت و تا ساڵانێکی زۆر نەیهێشت بە شێوەی سەربەخۆ چالاکییەکیان هەبێ. لە نیوەی دەیەی حەفتاوە وردەوردە قەوارە سینفی و سەندیکا کرێکارییەکان هەرچەند زۆر تووشی گێرە و قەرقەش بوون و ئەندامانیان گیران و ئەشکەنجە دران، بەڵام هەتا ڕادەیەک بووژانەوە. لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ئابووریی ئێران، لەم ساڵانەی دواییدا شایەدی بەردەوامیی مانگرتنەکان بووین.

مانگرتنی کرێکاران، شۆفیرانی ئوتووبووس‌واحد، مامۆستایانی قوتابخانە، خانەنشینان، خوێندکارانی زانکۆ، پەرستاران، بازاڕیان، زێڕنگەران، نانەواکان و... ئێستاش شایەدی مانگرتنی یەکگرتووانەی شۆفیر و خاوەن‌کامیۆنەکانین. ئەم سینفەش وەک هەموو سینفەکانی تر لە ئێراندا بە سەرنجدان بە دۆخی ناکارامەی ئابووری و سیاسیی ئەو وڵاتە، لەژێر کاریگەریی گرانیی هەوسارپچڕاودا کۆمەڵێک کێشەیان هەیە. بەدیاریکراوی بارهەڵگران و خاوەن‌کامیۆنەکان لەگەڵ گرانبوونی پێداویستییەکانی ماشینەکانیان، هەڵکشانی تێچوو، داکشانی بەشە سووتەمەنی، نەبوونی بیمە، دۆخی نالەباری جاددەکان، زۆربوونی تەمەنی خانەنشینی و زۆر کێشەی تر لەم سۆنگەیەوە بەرەوڕوون.

کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا بە توندوتیژی وڵامی هەموو مانگرتنێکی سینفی و ئاشتیخوازانەی داوەتەوە، هەرگیز نەبووە کێشە و ناڕەزایەتییەکان لە چوارچێوەی خۆیدا ببینێ، بەڵکوو هەمیشە کردوویەتە پرسێکی ئەمنیەتی. لەم پێوەندییەشدا دەیهەوێ هەر ئەو ڕێیە بپێوێ و بە گرتنی چەندین شۆفیر لەوانە "سدیق محەممەدی" لە شاری سنە و "شەهاب دارابی" لە شاباد و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە شەهابی دارابی، دەیهەوێ بەم هەڕەشانە شۆفیرانی تر چاوترسێن بکات؛ بەڵام ئێمە ئەو ڕاستییەمان لەبیر ناچێتەوە کە کۆماری ئیسلامی لە دەیەی شەستدا دەیان چالاکی کرێکاری ئێعدام کرد و هەر ئێستاش "شەریفە محەممەدی" چالاکی کرێکاری لەژێر حوکمی ئێعدامدایە، هەروەها کەسانی وەک "مەحموود ساڵحی"، "عوسمان ئیسماعیلی"، "مەنسوور ئۆسانلوو"، "سمایل بەخشی" و دەیان کەسی تری لە بەندیخانە پەستاوت، لێ ئەم کێشانەی بۆ چارەسەر نەبووە و هەرگیز نەیتوانیوە ببێتە هۆی ئەوەی ئەم چینە مافویستە، بترسن و لە ویستەکانی خۆیان دەست هەڵگرن.

ئەم سینفە کە ئێستا بووەتە ڕۆڵگێڕی سەرەکیی مانگرتنە سریاڵییەکان نابێ بەتەنیا بمێنێتەوە، هەرچەندیش قورساییی ئابووریی وڵاتێک لەسەر شانیان بێت ناتوانن بەتەنیا ببنە هۆکاری گۆڕانی بنەڕەتی، هەر مانگرتنێک پێویستی بە پاڵپشتییە، چونکە خاوەنڕایان لەو باوەڕەدان دەبێ بۆ مسۆگەرکردنی ویستەکان لە وڵاتێکی دیکتاتۆریدا سێ‌ونیو لەسەد لە خەڵکی ئەو وڵاتە مان بگرن و ئەم مانگرتنەش ١٢ مانگ بخایەنێ! هەرچەند زانستی سیاسەت جێی ئەوە نیە وا بە ڕەهایی قسەی تێدا بکرێ، بەڵام ئەمە ئەزموون سەلماندوویەتی و پێویستە سینف و چین و توێژی دیکەش پەیوەستی ئەم مانگرتنانە بن بۆ ئەوەی گۆڕانی قووڵ بێتە ئاراوە. پاڵپشتییەکان دەبێ مەیدانی بێ و بەڕێکخراو، نەک وەک ئەوەی ڕاستی توندئاژۆی ئێرانی دەیکات لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە و زیاتر مەبەستی بردنەپێشی مەبەستە سیاسییەکانی خۆی و خۆبەخاوەنکردنە، چون ئەوان هەرگیز باوەڕیان بە کاری بەکۆمەڵ، بوونی هەڵاواردنی چینایەتی و نەبوونی دەرفەتی یەکسان و... نەبووە و نییە، بەڵکوو تەنیا دەیانهەوێ لەم ڕێگەوە ئێعتبارێک بۆ خۆیان بکڕن! دەنا ناکرێ پاڵپشتی لە مانگرتنێکی بەهەقی لەم شێوەیە بکرێ، بەڵام لە بەرامبەردا مانگرتنی بەهەقی کرێکارانی شیرکەتی نەوت لە ساڵی ٥٧دا بە فیتنە و ئاژاوە ناو بهێنرێ! لەم ڕووەوەیە کە حیزب و لایەنە سیاسییەکان پێویستە خۆ لەو هەلپەرستییانە ببوێرن و بەرنامەی کارا و یارمەتیدەرانەیان هەبێ بۆ پاڵپشتیی هەمیشەیی لە کرێکاران.

بە هێنانەوەی نموونەیەکی مێژوویی باسەکە کۆتایی پێ دێنین: لە کۆتایییەکانی دەیەی پەنجای هەتاویدا کاتێک کرێکارانی لەهستان مانگرتنیان کرد، ویستەکانیان تەنیا لە ویستی سینفیدا قەتیس نەکرد، بەڵکوو ویستی سیاسییان هێنایە پێش و بەرامبەر بە نەبوونی ئازادی و بوونی سانسۆر و... لە وڵاتدا، هەڵوێستیان نواند، ئەم کرێکارانە بە ڕاکێشانی سەرنجی هەموو ناڕازییان توانییان سەرکەوتن بەدەست بێنن و دەوڵەت ناچار بە پاشەکشێ بکەن، بۆیە ئێستا کە ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایان و چەندین قەوارەی دیکە پاڵپشتیی خۆیان لەم مانگرتنانە دەربڕیوە جێی هیوایە و پێویستە بەهێزتر و بەکرداریتر بکرێت، هەتا خەڵکانێکی زیاتر هەست بە هاودڵی بکەن.